بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بێ ئاگایی خۆی نیشاندەدات لەڕەوانەكردنی هێزی سەربازی هۆڵەندا بۆ فڕۆكەخانەكە، هاوكات لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە نیشاندەدات.
دوێنێ شەممە 21-11-2020، ستیف بلۆك، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریداوە 150 سەربازی خۆی رەوانەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بكات، چاوەڕوان دەكرێت یەكەمین سەربازە (هۆڵەندییەكان) لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەم بگەنە ئەوێ".
ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" بەهیچ شێوەیەك ئێمە ئاگادار وردەكاری و چۆنیەتی هاتنی ئەو هێزە نین، تائێستا هیچ نوسراو و زانیاریەكمان لەبارەی هاتنی سەربازی هۆڵەندی بۆ فڕۆكەخانەكە بەدەست نەگەیشتووە. ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە."
هاوكات لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش بێ ئاگایی خۆی لە ناردنی ئەو هێزانە نیشاندا، لەو بارەیەوە باڵانبۆ محەمەد، جێگری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" حكومەت هیچ بە ئێمە ناڵێت ئەو خۆی لە پەرلەمان بە گەورەتر دەزانێت، بۆیە ئێمە هیچ ئاگاداری ئەو وردەكارییانە نین و تەنها لە راگەیەندنەكانەوە بیستوومانە".
بۆ بەدواداچوونی زیاتر، راچڵەكین پەیوەندی بەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.
بە گوێرەی زانیارییەكانی راچڵەكین، ناردنی هێزەكەی هۆڵەندا ئەركی پاراستنی بنكەی هاوپەیمانانی پێ سپێردراوە لەنێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
هۆڵەندا لە چوارچێوەی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق کاردەکات، بەڵام لە ئێستادا چالاكی و مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە وەستاون.
كۆتایی مانگی ئەیلول هێرشێكی موشەكی لەلایەن میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەوەش وەك كاردانەوەیەك دژی هەڵوێستی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لە هێزەكانی ئەمریكا بۆ مانەوەیان لە هەولێر.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP