شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵی منداڵان پێویستییەکی سەردەمیانەیە

کوردستان
14:41 - 2021-09-16

"نابێت ناوی دادە (هێرۆ)مان لەبیربچێت"

نەخۆشخانەى (دڵى کراوەى منداڵان) بەهاوکارى رێکخراوی منداڵپارێز لە سلێمانی کرایەوە 



ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٦-٩-٢٠٢١، لەرێورەسمێکدا بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبى سیاسی و سەرپەرشتیارى مەڵبەندی ١ى رێکخستنی سلێمانی(ی.ن.ک) و وەزیری تەندروستی، پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، نەخۆشخانەى (دڵى کراوەى منداڵان) بەهاوکارى رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەشارى سلێمانی کرایەوە.

لەوبارەیەوە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەوتەیەکیدا وەک ئەندامی دەستەى دامەزرێنەرى رێکخراوى منداڵپارێزی کوردستان،  بوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەنەخۆشییەکانی دڵی منداڵانی وەک پێویستییەکی سەردەمیانە و خزمەتێکی گەورە بە منداڵانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە وەسفکرد.

وتیشی: بەپێی ئەو داتا و زانیاریانەی کە لەبەردەستماندایە تەنها لە رێکخراوی منداڵپارێز (٤٦١٢) کەیس تۆمارکراون کەتایبەتن بەنەخۆشییەکانی دڵ، کە منداڵپارێز توانیویەتی هاوکاری ژمارەیەکیان بکات لەوەرگرتنی چارەسەر لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان، بۆیە ئەم نەخۆشخانەیە هیوای هەزارەها منداڵ و خەونی هەزارەها خانەوادە بەدی دێنێت کە هەوڵی رزگارکردنی جگەرگۆشەکانیان ئەدەن لە مردن.

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەى دامەزرێنەرى رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان رایگەیاند هەرکاتێک باسی ئەم نەخۆشخانەیە دەکەین نابێت ناوی دادە (هێرۆ)مان لەبیربچێت، لەبەرئەوەی هەر لەسەرەتاوە بیرۆکە و هەوڵ و ماندووبوونی بەرێزیان بوو کە وایکرد ئەم پرۆژە گرنگە بێتە بەرهەم.

وتیشی: کاری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەم پرۆژەیەدا کۆتایی نەهاتووە، بۆیە ئێمە بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ‌ئەم نەخۆشخانەیە بەڕێوەدەبەین و خزمەتی زیاتری ئەکەین، بۆ بەردەوام بوونیشی پێویستمان بە هەوڵ و ماندووبونی هەموولایەک دەبێت.

لەکۆتایی وتارەکەیدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جارێکی دیکە سوپاسی سەرۆک مام جەلال و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و چەند کەسایەتیەکی دیکەی کرد و رۆڵی ئەوانی لەبنیادنانی پرۆژەکە و خزمەتکردن بە کەرتی تەندروستی بەرزنرخاند، هاوکات سوپاسی هەموو ئەو پزیشکە دڵ گەورانەى کرد کەلەڕابردوو و ئایندەدا پارێزگارى لەدڵە بچوکەکان دەکات، هاوکات سوپاسی تیمەکانی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانی کرد کە لە یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنیاندا مژدەی کردنەوەی نەخۆشخانەکە رادەگەیەنن.

نەخۆشخانەى دڵی کراوەى منداڵان لە سلێمانی، لە ھۆڵی قەستەرە و باڵۆن و ھۆڵێکی نەشتەرگەری و ٨ بێدی تایبەت بەچاودێری چڕ و ٢٤ بێدی ئاسایی پێکدێت، ھەروەها نەخۆشخانەکە بەشێکی کلینکی راوێژکاری تێدایە.

بڕیاریشە ساڵانە دوو جار تیمی پزیشکی ئەمریکی و ئیتاڵی و ھیندی بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانە سەردانی شاری سلێمانی بکەن، کە نەخۆشی دڵیان ھەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP