سەرۆكی ژووری بازرگانيی‌و پیشەسازی سلێمانی: پڕۆژەی گەنجینەكان سلێمانی ده‌كاتە ناوەندێكی بازرگانيی گەورە

ئابوری
09:55 - 2021-09-18



پڕۆژەی گەنجینەكان یەكەم پڕۆژەی شاری بیست بیستە، كە چوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەو ئامانجەش بنیاتنراوه‌ كە سلێمانی بكاتە ناوەندێكی بازرگانی گەورە بۆ هەمو عێراق‌و بەشێكشە لەپڕۆژەی شاری بیست بیست .

له‌و باره‌یه‌وه‌، سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بە ڕۆژنامەی "بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاندوە، "پڕۆژەی گەنجینەكان كە ساڵی 2018 لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردی بناغەی دانراوەو چاوەڕوان دەكرێ‌ تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت، یەكەم پڕۆژەی شاری بیست بیستە كە چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، گەنجینەكان بەو ئامانجە دروستكراوە كە سلێمانی بكاتە ناوەندێكی بازرگانی گەورە بۆ هەمو عێراق‌و بەشێكە لەپڕۆژەی شاری بیست بیست".

ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، پڕۆژەی شاری بیست بیست پڕۆژەیەكی ستراتیجییەو بیرۆكە بنەڕەتییەكەی لەسەر ئەو بنەمایە بنیاتنراوە كە شاری سلێمانی دوەم دروست بكرێت لەسەر رێگەی سلێمانی عەربەت‌و لەسەر روبەری 22 هەزار دۆنم زەوی، كە هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنێت.

ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو، پڕۆژەی شاری بیست بیست لەساڵی 2007 تا 2011 لەناو ماستەر پلانی شاری سلێمانی داڕێژراوەو دەبو لەساڵی 2020 تەواو بكرێت، بەڵام یەكەم پڕۆژەی ناو ئەم پڕۆژە گەورەیە كە چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەی گەنجینەكانە.

هیواداریشه‌، پڕۆژەی دوەم‌و سێهەمی شاری بیست بیسیش بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرنامەی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی ئەوەیە كە لەگەڵ شارەوانی پڕۆژەكانی دیكەی شاری بیست بیست كە چواردە پڕۆژەی بازرگانی گرنگ‌و گەورەن بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بەجێبەجێ کردنیان دەبنە هۆکاری بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم‌و جموجۆڵی بازرگانی‌و پیشەسازی زیاتر‌و قەرەباڵغی ناو شاری سلێمانیش كەمتر دەكاتەوە".

سیروان محەمەد وتی، "'گەنجینە لە هەمو وڵاتێكی جیهاندا گرنگی‌و بایەخی گەورەی هەیە‌و پڕۆژەی ستراتیجییە، بۆ ئەوەی جێگەو رێگەی خۆت هەبێ‌‌و توانای هەڵگرتن‌و پاراستنی خواردن‌و كاڵاكانت هەبێ‌، ئەگەر جاران دەمانتوانی بڵێین توانای هەڵگرتنی خواردنی بەشی 15 رۆژمان هەیە ئەوا ئێستا دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین بەشی شەش مانگمان خواردنمان لەگەنجینەكاندا هەیە".

روونشیكرده‌وه‌، كه‌ گەنجینەكان دەتوانن ببنە بازاڕێكیش بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا‌و كەلوپەل و وتی، "ئامانجمان لەدروستكردنی گەنجینەكان ئەوە بوە هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنین كە تا ئێستا هەلی كاری بۆ زیاتر لە 5 هەزار كەس رەخساندوەو دوای تەواو بونی پڕۆژەكەش دڵنیاین لەو رێژەیە زیاتر هەلی كار دەڕەخسێنێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP