باڵیۆزی پێشوی ئه‌مریكا له‌سوریا پێشبینی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك بۆ كورد له‌ سوریا ده‌كات

کوردستان
07:48 - 2021-10-09



دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌زڵوم عه‌بدی‌و ئیلهام ئه‌حمه‌د، سه‌ركرده‌ی باڵا له‌ رۆژاڤا، سه‌باره‌ت به‌ نه‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا، رایانگه‌یاند، ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌، دڵنیای كردونه‌ته‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانیان له‌و وڵاته‌ ناكشێننه‌وه‌، باڵیۆزی پێشوی ئه‌مریكا له‌سوریا،  پێشبینی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌كی كوردی له‌ سوریا به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا كرد و ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد، كه‌ ئیداره‌ی جۆ بایدن، ستایشی هێزه‌كانی شه‌ڕڤانان كردوه‌و ئیدارەی خۆسەرش له‌ڕۆژئاوای كوردستان دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا.
 
ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، له‌ راپۆرتێكدا، باسی له‌وه‌كردوه‌ كه‌، دوای لێدوانەکەی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) گه‌ رایگه‌یاندبو، واشنتۆن بەڵێنی تەواوی پێداون كه‌ ڕۆژئاوای کوردستان جێناهێڵن‌و بەردەوامدەبن لەپێشخستنی ژێرخانی ناوچەکەیان، جەیمس فۆردی باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا ڕایگه‌یاند، "ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەردایە، بەرەو ئەوە دەچێت لەژێر سێبەری ئەمریکادا ببێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا".

جەیمس فۆرد، ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو كه‌: ئەمریکا لەبەرامبەر گروپە ئیسلامییەکانی سەر بەهاوپەیمانی نیشتیمانیی سوریا‌و كه‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ئاسودە نه‌بوه‌، لەبەرامبەردا واشنتۆن سوپاسگوزاری ئیدارەی خۆسەرە کە ئیدارەیەکی سیکۆلارەو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بەسەرکەوتویی جەنگی دژی داعشیان ئه‌نجامداوه‌.

سەبارەت بەلێدوانەکانی ئەمدوایەی ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی مەسەدەش لەواشنتۆن، کە وتبوی پەیامی دڵنیاکەرەوەیان لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بەدەستگەیشتوە  كه‌ ئەمریکا لەسوریا پاشەکشە ناکات، هەروەک لێدوانەکەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەش کە بەڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ڕاگەیاندبو، ئەمەریکا بەڵێنی دەستبەردارنەبونی کوردی پێداون، ده‌ڵێت:لێدوانەکانی واشنتۆن بەوەی پشتگیریی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات، بەومانایە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوەو لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دیمەشق‌و ڕوسیاو ئێران‌و تورکیا، پارێزگاری لەئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.

سەبارەت بەئەگەری بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەرییه‌كی سه‌ربه‌خۆ، لەلایەن کوردانی سوریا، جەیمس فۆرد ڕاشكاوانه‌، ده‌ڵێت، هەرچەندە ئەمریکا ناتوانێت ئەسەد ناچاربکات سازش بۆ کورد بکات، بەڵام لەژێر سایەی بەردەوامبونی ئەو دۆخەدا، ئیدارەی خۆسەر لەژێر سایەی پاراستنی سەربازیی ئەمریکا، دەبێتە دەوڵەتۆکەیەک لەناو سوریادا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP