ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌سنوری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان به‌جلی سه‌ربازییه‌وه هه‌وڵی رفاندنی هاووڵاتیه‌كی كورد ده‌ده‌ن و ده‌ستیش به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مۆبایل و ئامێری گه‌یاندنی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌داده‌گرن و به وته‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه له‌و هێرشه شه‌ڕوپێكدادان دروستبوو.
غازی فه‌یسه‌ڵ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی خۆبه‌خش له‌سنووری مه‌خمورو چیای قه‌ره‌چوخ رايگه‌یاند: دره‌نگانی شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك چه‌كداری پاشماوه‌كانی داعش به‌جلی سه‌ربازییه‌وه هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر گوندی لهێبانی سه‌ر به‌ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان.
وتیشی: ئامانجی ئه‌و چه‌كدارانه رفاندنی هاووڵاتیانی كورد بوو له‌و ناوچه‌یه، به‌ڵام پیلانه‌كه‌یان شكستی هێناو دانیشتوانی گونده‌كه رووبه‌روویان بوونه‌وه، له‌ئه‌نجامدا شه‌ڕه‌ته‌قه دروستبوو، به‌هۆیه‌وه چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و چیای قه‌ره‌چوخ هه‌ڵهاتن.
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه: هه‌ر له‌كاتی ئه‌و هێرشه‌ی داعش بۆسه‌ر گوندی لهێنان، به‌ناوی هێزی سه‌ربازی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌سێ ماڵ ئه‌نجامداوه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مۆبایلدا گرتووه‌و له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانه.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP