بۆ یەكەمجار ژنێك گەورەترین پۆستی یانەی سلێمانی پێبەخشرا

وەرزش
15:57 - 2021-10-27

ئەو تەمەنی 12 ساڵ بووە، كاتێك دەچێتە یانەی سلێمانی و خۆی ناونووس دەكات وەك وەرزشكارێك، چونكە ئەو چوست و چالاكی وەرزش و خوێندگەكەی بووە بۆیە هەر زوو بە زوو دەڵێن تۆ دەبێت ببیتە یاریزانی یانەی دایك كە نازناوی یانەی سلێمانییە.
ناسك باقر، وەرزشكارێكی دیاری كوردستان و شاری سلێمانییە، ساڵی 1974 هەر لەو شارە لە دایكبووە، ئیدی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تێكەڵ بە بواری وەرزش دەبێت، وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، تەمەنی 12 ساڵ بووە بەرەو تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی شارەكە چووە، پاشان یاری تۆپی دەستی كردووە، كە سەردەمی ئەوی تێدا بووە، بە دەگمەن ژنان وەرزشیان كردووە .
مامۆستا ناسك دەگێرێتەوە، لە یانەی سلێمانی هەر بەردەوام بوو، دەیان پاڵەوانێتیی گەورەی لە ئاستی كوردستان و عیراق و تەنانەت وڵاتانی عەرەبیشی  كردووە، بەهۆی چوست و چالاكییەوە تێكەڵ بە یارییەكانی باسكەو بالەو تۆپی سەرمێزیش بووە.
ئەو رەمزە دیارەی وەرزشی كوردستان قۆناغەكانی خوێندن بەسەركەوتووانە دەبڕێت و ماوەی 13 ساڵیشە خزمەتی كۆلیجی زانستە وەرزشییەكان دەكات لە زانكۆی سلێمانی وەك مامۆستا، هاوكات خاوەنی دوو پەرتوكی زانستی هاوبەشیشە كە خوێندكارانی كۆلیجەكە لە وانەكانیان سوودی لێ دەبێنن.
ناسك باقر،  پاش ئەوەی واز لە یاریكردن دەهێنێت، دەچێتە بواری سەرپەرشتیاری و كارگێری لە یانەی سلێمانی، ئەو چەندین ساڵە ئەندامێكی چوست و چالاكی دەستەی كارگێری یانەكەیەتی و لە كۆتا هەڵبژاردنیش بۆ دەستەی نوێی كارگێری بۆ یەكەمجار لە مێژووی دامەزراندنی یانەی سلێمانییەوە لە ساڵی 1956 وە وەك جێگری سەرۆكی یانەی سلێمانی دەستنیشانكرا .
هێشتە یەكەم رۆژێتی لە ماوەی جێگری سەرۆكی یانەی دایك و ئێمەش ئەم دیدارەمان لەگەڵ سازدا، بەڵام بەڵێنی دا هەوڵی تەواوەتی ئەو بۆ پێشخستن و بەرەو پێشبردنی تەواوی تیپەكانی یانەكەی بێت، لە هەوڵی دروستكردن و پاڵپشتی دەیان وەرزشكار بێت كە داهاتووی سلێمانی و یانەكەو كوردستانیش شانازییان پێوە بكات .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP