هۆكاری كێشەی كەمیی دەرمان لەسلێمانی ئاشكرا كرا

تەندروستی
10:29 - 2021-11-13


بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت: تائێستا دیارنیە عیراق و هەرێم روبەڕووی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەبنەوە یان نا، بەڵام ئێستا تاكە چارەسەر وەرگرتنی ڤاكسینە كە لەڕێییەوە ژمارەی توشبون و مەترسی گیان لەدەستدان كەمدەبێتەوە، دەشڵێت: لەپارێزگای سلێمانی كۆمپانیاكانی دابینكردنی دەرمان پارەیان لەحكومەت وەرنەگرتوە، بۆیە ناتوانن بەردەوامبن لەدابینكردنی دەرمان و بۆ چارەسەری كێشەكەش نوسراو كراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی تا كەرتی تەندروستی نەوەستێت.
د.رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەبارەی دۆخی كۆرۆناو كەمی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی   رایگەیاند:بەپێی ئاماری رۆژانەو هەڵسەنگاندنی هەفتانە لەگەڵ رێكخرای تەندروستی جیهانی و بەغدا، تائێستا دیاری نیە عیراق روبەڕووی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەبێتەوەو شەپۆلی سێیەم كەی كۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی هەیە ئێستا پەتای وەرزیش تێكەڵی كۆرۆنا بووە.
وتیشی: ئێستا دوو هەنگاو هەیە، یەكەمیان داوا لەخەڵك بكرێت ڤاكسین بەكاربهێنن كە مەترسی گیان لەدەستدان و حاڵەتی مەترسیدار كەمدەبێتەوەو رێژەی توشبوونیش كەمتر دەبێتەوە، ئەوی تریشیان خۆپارێزی خەڵكە.
لەبارەی كەمی دەرمانیش لەنەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكانی دابینكردنی دەرمان پارەیان لەحكومەت وەرنەگرتوە، بۆیە ئیتر ناتوانن بەردەوامبن لەدابینكردنی دەرمان، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە سلێمانی لەڕووی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە لەپێش هەموو شارەكانی ترەوەیە، بۆ چارەسەری كێشەكەش نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كراوە تا كێشەكە چارەسەر بكرێت، چونكە پەكخستنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەمانای پەكخستنی ژیان، بۆیە هەوڵدەدەین لەماوەیەكی نزیكدا چارەسەر بكرێت.
راشیگەیاند: ئەوەی لەدەستی ئێمەیە بەرزكردنەوەی نوسراوە بۆ سەرو خۆمان كە كێشەی دابینكردنی دەرمان دروستنەبێت و پارە بۆ كۆمپانیاكان خەرجبكرێت، بۆیە ئەركی حكومەتە بێتەسەرخەت و لەوەزارەتی داراییەوە كێشەی دابینكردنی بودجە بۆ دەرمان چارەسەر بكرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP