سه‌رۆك كۆمار پێشوازی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ده‌كات

عێراق
12:20 - 2021-11-22



سەرۆک بەرهەم لە میانی پێشوازیکردنی له وەزیری دەرەوەی سوید، بەگرنگییەوە باسی لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی کرد بە ئاڕاستەی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی و گەندەڵی و بەگژاچوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021 پێشوازیکرد لە ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید.

لەدیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان کرا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات، ھەروەھا ئاماژە بە پشتیوانی حکومەت و رێکخراوە سویدییەکان کرا بۆ گەلی عێراق لەبوارە مرۆییەکان و باوەشکردنەوە بۆ رەوەندی عێراقی و پشتگیریکردن لە ھەوڵەکانی عێراق بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و سوید لە رێگەی یاداشتنامەو رێککەوتننامە دووقۆڵییەکان، ھاوکات ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی عێراق بەگرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆستەکانی لە گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتیوانیش دەکات لە ھەماھەنگی ھاوبەش بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی و گەندەڵی و بەگژاچوونەوەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی گۆرانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەروو، سیاسەتە ھاوسەنگەکانی دەرەوەی عێراق ھەنگاوێکە بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی، ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە سەقامگیری عێراق بنەمایەکی گرنگی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەیە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوید پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی ئابووری عێراقی لە رێگەی پلانی چاکسازی نیشتمانی دووپاتیکردەوە، ھەروەھا ستایشی پێشکەوتنەکانی عێراقی کرد لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP