سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: دەرماڵەی خوێندكاران كەمتر لە 7 ملیار 400 ملیۆن دیناری پێویستە

ئابوری
09:11 - 2021-11-24

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت: بەهۆی نەبوونی یاسایی بودجەوە كە ماوەی 8 ساڵە هەرێم بێ بودجەیە خەرجكردنی پارە وەك دەرماڵە بۆ خوێندكاران لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایەو لەئێستاشدا بڕی ئەو پارەیەی وەك دەرماڵە پێویستە بۆ سەرجەم خوێندكارانی سەر بەخوێندنی باڵا بەوانەی لەبەشە ناوخۆییەكان و ئەوانەشی لەبەش ناوخۆییەكان نین مانگانە 7 ملیارو 343 ملیۆن و 500 هەزار دینارە.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ 24ی 11ی 2021ی پەرلەمانی كوردستاندا بەداتاو ژمارە بڕی ئەو پارەی پێویستە وەك دەرماڵە بدرێتە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان خستەڕوو.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەكۆبوونەوەكەدا رایگەیاند: لە ئێستا ژمارەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا لەهەرێمی كوردستان 150 هەزارو 560 خوێندكارە، كە 84 هەزارو 505 خوێندكاریان خوێندكاری ناو شارن، واتە لە بەشە ناوخۆییەكان نین، هەروەها 66 هەزارو 55 خوێندكاریان دەرەوەی شارن ‌و لە بەشە ناوخۆییەكانن.

وتیشی: كۆی گشتی پارەی دەرماڵەی ئەو خوێندكارانەی لەبەشە ناوخۆییەكانن و ئەوانەشی لەدەرەوەن بۆ مانگێك 7 ملیارو 343 ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی راشیگەیاند: كۆی پارەی ئەو 84 هەزارو 505 خوێندكارەی كە لە بەشە ناوخۆییەكان نامێننەوە دەرماڵەیان بۆ دابین بكرێت سەرجەمی پارەكە 3 ملیارو 380 ملیۆن ‌و 200 هەزار دینار دەكات، بۆ ئەو  66 هەزارو 55 خوێندكارەشی كە لە بەشە ناخۆییەكان دەمێننەوە، دەكاتە 3 ملیارو 963 ملیۆن ‌و 300 هەزار دینار. 

زیاد جەبار باسی لەوەشكرد كە بەهۆی نەبوونی یاسایی بودجەوە كە ماوەی 8 ساڵە هەرێم بێ یاسای بودجەیە، هیچ وەزیرێك دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نیە وەك دەرماڵە، بەڵكو ئەوە لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە كە بڕیاربدات پارە خەرجبكرێت.

بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (51) كە لە 15ی 12ی 2008 بۆ دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچووەو بەردەوامبوە تا ساڵی 2014و بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە.

PUKmedia تایبەت 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە