له‌ مەراسیمێكدا کتێبێكی سەرۆک مام جەلال بڵاوكرايه‌وه‌

کلتور
11:33 - 2021-12-08

ئەمڕۆ ٨ی ١٢ی ٢٠٢١، لە هۆڵی خاک لە مەراسیمێکدا، کتێبی کوردستان و بزافی نەتەوەیی کورد لەنووسینی سەرۆک مام جەلال بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە، کە لەسەر ئەرکی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەچاپ گەیەنراوە.

لەو مەراسیمەدا، خالید مەجید فەرەج کە کتێبەکەی لەزمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، پوختەیەکی لەبارەی کتێبەکەوە بۆ ئامادەبووان باسکرد.

هەر لەو مەراسیمەدا، چەپکە گوڵی سوپاس و پێزانینی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێشکەشی وەرگێڕی کتێبەکەی سەرۆک مام جەلال کرا.
دواتریش، لەلایەن دکتۆر محەمەد سابیر چەند زانیارییەکی وورد لەبارەی کتێبەکە و خەباتی سەرۆک مام جەلال کرا.

سەرۆک مام جەلال جگەلەوەی یەکێکە لە سەرکردە سیاسی و دیبلۆماسی و رۆژنامەنووس و پارێزەرە دیارەکان، نووسەرێکی دیاریشە و بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە تیشک خستنەسەر تێکڕای بزوتنەوەی سیاسی عێراق و ناوچەکە و بزوتنەوەی سیاسی کوردی کردوە، لەم بوارەشدا چەندین کتێبی لەسەردەمی جیا جیادا نووسیوە، کە کتێبخانەی کوردی و عەرەبی دەوڵەمەند کردوە و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لەبواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی کوردی و عێراقیدا.

لە پێشەکی کتێبی(کوردستان و بزافی نەتەوەیی کورد)دا هاتووە: مام نموونەی هەمیشە زیندوی ئەو رۆشنبیرەیە لەناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەییماندا کە ئەم بەرهەمە ناوازەیەی لەبواری فیکری سیاسیدا بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە، ئەو سیاسییەکی بیرمەند بوو بۆیە سادە بوو بەڵام پڕبوو، ئەو دەیزانی نە کۆمەڵگە و نەحیزبی سیاسیش بەبێ رۆشنبیر مەحاڵە بتوانن خۆیان نوێبکەنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP