باندێكی فێڵكردن دەستگیر دەكرێن

کوردستان
11:53 - 2022-01-13

مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دوكان باندێكی فیڵكردنیان دەستگیركرد كە ئۆتۆمبێلەكەی خۆیان سووتاندووە و پارەیان لە هاووڵاتیان كۆكردۆتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی بنكەی پۆلیسی خەلەكان ئاگاداركرایەوە لەبوونی رووداوێكی سوتانی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای دوكان - رانیە، پاش چوونی هێزەكانی پۆلیسی دوكان و بەرگری شارستانی بۆ شوێنی رووداوەكە دەركەوت كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری میتسیوبوشی ژمارەی نەینەوا بەتەواوەتی سوتاوە و شۆفێرەكەی بەناوێكی خوازراوەوە خۆی وەك پێشمەرگە دەناسێنێت و سێ كەسی تریش لەشوێنی رووداوەكە بەناوەكانی (ل ، ر ، م  - أ ، ع ، م - ح ، م ، م ) بڕی 5 ملیۆن و 794 هەزار دیناری عیراقی و 320 دۆلار و 50 یۆرۆیان لەرێبوارانی ئەو شەقامە بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلە سوتاوەكە كۆدەكەنەوە.

بەھۆی گومانیان لەڕووداوەكە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی خەلەكان دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی وردیان دەستیپێكرد و زانرا كە خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە ناوی (م ، خ  ، أ لەدایكبووی 1992)دانیشتوی قەزای ئاكرێیە و پیشەی پێشمەرگە نییە و بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە ئەم كارەی كردووە و پۆشاكی پێشمەرگەی لەبەركردووە و ئەو كەسانەشی كە پارەكەیان بۆ كۆكردوەتەوە شەریكی تاوانەكەی بوون و ئۆتۆمبێلەكەش بەنرخێكی هەرزان كڕیویانە و خۆیان سوتاندویانە.

جێی ئاماژەیە ئەم باندە چەند جارێك ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە لەبەحركەو سەنگەسەر و چەند پارێزگایەكی تر و لەكاتی لێكۆڵینەوەشدا دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP