ئیسرائیل لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیادا

سۆران داودی
12:23 - 2025-01-15

دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئێستا سوریا گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە، زلهێزەکان هەوڵی پاراستنی  بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن و کار لەسەر  ئەو بۆشاییە سیاسی و ئەمنییە  دەکەن،  کە بەهۆی رووخانی ئەو رژێمەوە هاتۆتە کایەوە. 

هاوبەشی  ئایدیۆلۆژیی

 
تورکیا  لای خۆیەوە هەر لە مێژە  سوریا بە بەشێک لە هەژموونی ناوچەیی خۆی دەزانێت و بەهۆی هاوبەشی  ئایدیۆلۆژیی نێوان خۆی و گروپە دەسەڵاتدارە نوێیەکەی سوریاوە، بە شێوەیەکی چڕ هەنگاو بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لەسەر خاکی سوریا دەنێت.
 لە هەمان کاتدا ئیسرائیل ئاماژەی بە ئەگەری پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، ئەو هێزە سەربازییەی کە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سەرۆکایەتیی دەکات و تورکیا بە گروپێکی تیرۆریستی ناوی دەبات.
تورکیا  بەشێوەیەک لە شێوەکان چاوی بڕیوەتە سەر سوریا،  ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی ئیسرائیل، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش وەک هاوپەیمانێکی پۆتانسێلی ئیسرائیل دەتوانرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی  فراوانبوونی هەژموونی  تورکیا سوودی لێ وەربگیرێت.
 هێزەکانی سوریای دیموکراتیش کە کورد و عەرەب و مەسیحی لە خۆدەگرێت، نوێنەرایەتی هێزێکی فرە نەتەوەییە،  کە ئیسرائیل لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەمینەکانی ناوچەکەدا سوودی لێ ببینێت، هەروەها رەنگە پشتیوانی ئیسرائیل لەم هێزانە رێگەیەکی کاریگەر بێت بۆ لاوازکردنی تورکیا و پووچەڵکردنەوەی پلانی فراوانکردنی دەسەڵاتی لە سوریادا، ئیسرائیل هەروەها دەزانێت کە تورکیا وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆی ئەمنی تەماشای هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، هەر بۆیە هەر پاڵپشتییەک پێشکەش بەوهێزانە بکات، بەرنامەکانی تورکیا ئاڵۆزتر دەکات و جموجۆڵەکانیان سنووردار دەکات.

بەهێزکردنی هەژموونی لە سوریا 

 
لە لایەکی دیکەوە، تورکیا دوای رووخانی رژێمی سوریا خۆی بە بەهێزتر دەبینێت، ئەم گروپە نوێیەی  دەسەڵاتی سوریاش کە لە دەستەی تەحریر شام پێکهاتووە، ئاراستەیەکی ئیسلامی نزیک لە ئیخوان موسلیمین دەگرێتەبەر، ئەمەش وا دەکات زیاتر لەگەڵ رەوت و بۆچوونی ئیستای  تورکیادا بگونجێت، ئەم لێکنزیکبوونەوەیەش دەرفەتێک دەدات بە ئەنقەرە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی  سیاسیی سەربازیی و ئابووریی خۆی لە سوریا و پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی لە گەڵیدا.
 تورکیا هەروەها هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و گەڕاندنەوەی ملیۆنان پەنابەری سوریا بۆ وڵاتەکەیان، بە مەبەستی نیشاندانی خۆی وەکو روویەکی جوان لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام ئەم لێکنزیکبوونەوەیەی تورکیا و دەسەڵاتی نوێی سوریا، ئیسرائیل زیاتر نیگەران دەکات. ئیسرائیل پێیوایە هەر هاوپەیمانییەک لە نێوان تورکیا و گروپی دەسەڵاتدار لە سوریادا، هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە فراوانتر دەکات، ئەمەش رەنگە مەترسی لەسەر هاوسەنگی  هێز لە ناوچەکە دروست بکات و کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل  هەبێت.

مەترسییەکانی ئیسرائیل

 
ئیسرائیل هەروەها ترسی ئەوەی هەیە کە تورکیا گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بەجۆرێک ئاراستە بکات، کە ببنە مایەی  هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو پەیوەندییە ئایدیۆلۆژییەی نێوان ئەو دوو لایەنە کە هەماهەنگی نێوانیان ئاسانتر دەکات.

قۆناغێکی نوێی ناسەقامگیری

 
لەبەر رۆشنایی ئەم گۆڕانکاریانەدا، وا دیارە سوریا وەک گۆڕەپانی ململانێیەکی درێژخایەن لە نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، تورکیاش بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە، هەوڵ دەدات دیدگای خۆی بەسەر گۆڕەپانی سوریادا بسەپێنێت، هاوکات ئیسرائیل هەوڵ دەدات بە دوای هاوپەیمانی بەدیلدا بگەڕێت، وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ روبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تورکیا کە لە زیادبووندایە، ئەم هەنگاوانە ناوچەکە دەخاتە  قۆناغێکی نوێی ناسەقامگیرییەوە کە بەرژەوەندی و ئاراستەکان بە شێوەیەک تێکەڵاو دەکات کە چارەسەری سیاسیی زۆر قورس بێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP