دەستێوەردانی سوپا لە کێشە مەدەنییەکاندا: مەترسییەک لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی

سۆران داودی
23:13 - 2025-02-17



گوندی شەناغە لە قەزای دوبزی پارێزگای کەرکوک رووداوێکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینی کە بریتی بوو لە پەلاماردانی جوتیارە کوردەکان لەلایەن سوپای عیراقییەوە  ئەو جوتیارانەی هەوڵی گەڕانەوەیان  بۆ زەوییەکانیان و کێڵانیان دەدا  بە پشت بەستن بە جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق کە داوای گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانەی دەکرد بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان. کارەکە هەر لەوەدا نەوەستا، بەڵکو رێگریش کرا لە میدیاکان لە رووماڵکردنی رووداوەکە، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرادا بۆ ئازادی رۆژنامەگەری و مافی هاوڵاتیان لە زانینی راستیدا.

ئەوەی لە شەناغە روویدا تەنها رووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان لە کێشە مەدەنییەکاندا کە دەبوو لە رێگای کەناڵە یاسایی و کارگێڕییەکانەوە چارەسەر بکرێن. دەستێوەردانی سوپا لەم جۆرە کێشانەدا تێپەڕاندنی رۆڵی دەستوورییەتی، چونکە ئەرکی سەرەکی بەرگریکردنە لە وڵات و پاراستنی سنورەکانیەتی، نەک سەرکوتکردنی هاوڵاتیان یان رێگریکردن لێیان ولە گەڕاندنەوەی مافەکانیان کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا لێیان زەوت کرابوو.

دانیشتوانی ئەم گوندانە  لە سەردەمی حوکمی سەدام حسێندا بە زۆر راگوێزران  و زەوییەکانیان بەخشرا بە کۆمەڵێک هاوردە لە پارێزگاکانی ترەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی  ناوچەکە کە رژێم لەو کاتەدا  پەیڕەوی دەکرد . ئەمڕۆ، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری راستکردنەوەی ئەم ستەمە مێژووییەی دا، دەبێت رێگا بدرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دوور لە دەستێوەردانە سەربازییەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵکشانێکی چاوەڕواننەکراوی ئاکامەکان.

رێگریکردن لە میدیاکان لە رووماڵکردنی ئەم رووداوانە گومانەکان زیاتر دەکات سەبارەت بە نیازی لایەنە تێوەگلاوەکان لە پەلامارەکەدا. ئازادی میدیا بەشێکی سەرەکییە لە هەر سیستەمێکی دیموکراسی، و شاردنەوەی زانیارییەکان لە رای گشتی تەنها دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزی و گرژی.

بۆیە، پێویستە حکومەت بە خێرایی بچێتە  ناو ئەم دۆخەو، و لێپرسینەوە لەگەڵ  ئەنجامدەرانی پەلامارەکان بکرێت، و دڵنیایی لە دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا بدرێت ، بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP