سنوری رەسمی شتێک دەڵێ و دابەشبوونی شار و مەمالیکەکان شتێک دەڵێن. لێ فەرهەنگ و قورگ و سەلیقەی هونەری شتێکی تر دەڵێت.
وایە نەغمە و رەغبە ، ئاواز و ئارەزوو، سۆز و لەرەی دەنگ ، چوون روباری بە خوڕن گشت بەربەستێک تێدەپەڕێنن.چوون ئاوی سازگار هەموو باخ و بێستانێک خۆشیان پێ دێت.
مەعلومە خاکی سوتماکی کەرکوک واقیعەی کەربەلای نەتەوەیە . سوپا و زریپۆش، قەرار و قانوون ، دەوڵەت و تەعریب قورسایین لەسەر دڵی شار و شایی و شادی، وا دێنە بەرچاو کە لە هەژموونی مەقام و گۆرانی و بەستە بەزەبر و زەنگترن. بەڵام ئیفادە و ئیرادی سەلاح داودە و شرۆڤەی بۆ بەسەرهاتەکە شتێکی تر دەڵێت : تەعریب و تەرحیل و تەبعیس زوڵم و زۆرن کە دەوڵەت و دەزگایان لە پشتە، هێزی نەرمی هونەری داودە سێگا و دەزگا و قەتار و خورشیدی ئای ئای دەیبزوێنێ.
لە کوێ زەبر و زەنگ و لە کوێ زیروبەم.
———
ئەگەرچی هونەری سەڵاح داودە. خۆی بەتەنها عینوان و نیشانە، بەڵام وەختێک جوگرافیا دەڵێ لە قەراخ تەعریب و لێواری تەرحیلدا رەسەنایەتی وەک ئاوی رۆخانە خوڕەی دێ و ئیدعای هەیە، وەختێک دیرۆکی قەرە حەسەن و کەلهوڕ ئامێز بۆ کوردەواری و بەستەواری دەکەنەوە ئینجا دەزانین بۆچی ئەم قوڕگە پاک و بێغل و غەشە لە جیاتی گشتمان هاوارێتی و لە جێی گشتمان هزر و خەمێتی.
داودە لە هەموو زەخیرەی بەرهەمی باوی کاشانێکی کوردانەیە، نقێمی نەغمە و ئاوازی فلکۆری ساف و تەختانییە، بەڵام وای دەڵێ و وای دەهۆنێتەوە و دەتوێنێتەوە کە نوێ و سەرلەنوێ بێت دەزانێ باسەکە هەر قورگ نییە، باسەکە دەزگایەکی یاربەختە کە هەمووی وەک قورقۆشم دەتوێنێتەوە و لەسەنەوە وەک زێری عەیار بیست و چوار یەخەی هونەری کوردی پێدەرازێنێتەوە و لە گەڵشیا یەخەی حوکمی مێژووی گرتووە کە بۆچی وا لەگەڵ کوردەواری نامەرد و بێ ئینسافی؟
گۆرانی نییە داودە بە دە ستایل نەیگوتبێ و گۆرانی داودە نییە خەڵکی تر بە سەد ستایل نەیان گوتبێتەوە. بە کۆرس و ئۆپەرێت و بە نۆتەش فریای ناکەون.
لە خاوی قوڕگ مەقام وقەتار و بەستەی خاوە. لە کورەی هۆنینەوەدا شەمەندۆفێرێکی وڵات تەی کرد و قیتارێکی ئاوەدانی هاتووچۆیە.
دەنگی وی قەرەباڵەغ و یەکتر بڕ و دڵپڕە وەختێک قافلە لەسەفەر دەگەڕێتەوە و پاوانەکەی وەک بەستە و گۆرانی دەزرنگێتەوە.
——-
ئاسیاو بە شێوەی شیعری مەولەوی خاڵیەن ، بەڵام لە گێڕانەوەی سەڵاح داودەدا هەر ئەو رستە غەمگینە ئاوەدان و سەدای خورشیدی و خاوکەری لێ دێت.
ڕاوەستاوە لەو بانە، ئامۆزاگیان و کچە سوڵتان لە کەرکوکەوە دەچێ بۆ قەسر و دوکانی سلێمانی، فەقەت لە رێگا گورگ خواردوو نابێ و ناوەستێ تاسەرتاسەری کوردستان کێوماڵ دەکات.
گۆرانی هی سابلاغ و مەریوانە کەچی داودە وا تیفتیفەی دەدا وەک بڵێی هی حەسەن زیرەک نەبێت و لە قەرە حەسەنەوە بۆ بای حەسەن گوترابێت.
وا ستایلی بژوێن دەکات بیستەری مەفتەنی محەمەدی ماملێش پێی کەیف ساز دەبێت.
بەعس ماشێن و ماکینە و قەتارەی بارگیری بەرێکردووە و لەم ململانێیەدا داودە دەنگ و ڕەنگ، سەدا و هەڵدانەوە و دەنگدانەوەی کرد.بۆیە لە دڵا ماوە
بۆیە هەر دەفتەری ئەعمالی خۆمان خۆمانی و سەروەرە.
لەبەر ئەوە بەعس و رەفیق تەعریبی تۆپی و بۆیەش خەزینی سەلاح داودە هەر ماوە و هەر ماوەیە و دەبوژێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP