شیکاری بەیاننامەی حزبی شیوعی تورکیا (TKP) سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk)

د. سمکۆ شوانی
14:35 - 2025-05-14

شیکاری بەیاننامەی حزبی شیوعی تورکیا (TKP) سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ( (pkk
ئامادەکردنی:   د. سمکۆ شوانی
کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی تورکیا  بە بەیاننامەیەک سەرنجی خۆیان لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەربڕیوە، کە بەم شێوەیەی لای خوارەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆدەکەین:
پشتیوانی لە بیرۆکەی "بێدەنگکردنی چەک" و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دەکەن، بەڵام جەوهەری چارەسەرەکە و "شانۆگەری سیاسی" کە (هاوپەیمانی باخچەلی- ئۆجالان- ئاکەپە)، سەرۆکایەتی دەکەن،  ڕەتدەکەنەوە.
"پرسی کورد" بە قەیرانی گشتی تورکیاوە دەبەستنەوە، هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ پرسێک (بە پرسی کوردیشەوە) بەبێ ڕووخاندنی سەرمایەداری و هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم چارەسەر نابێت.
هۆشدارییان لەوەیە ئەوەی دەگوزەرێت  تەنها بە هەنگاوێکی سیاسی دەزانن کە تێیدا  ئامانج لێی پشتیوانی لە حکومەتی ئێستا (ئاکەپە)بێت؛  پێش هەڵبژاردنەکان، لەژێر پەردەی "دیموکراسی".
پشتیوانی ئازادکردنی  بارمتە سیاسیەکان دەکەن، بەڵام هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ باشترکردنی وێنەی ڕژیم.
ئامانجی ئەوان بانگەوازە بۆ درێژەدان بە خەبات دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم، و پابەندبوونیان بە سۆسیالیزمەوە وەک چارەسەرێکی هەمەلایەنە.

ڕەخنەی پراکتیکی و واقیعی لە بەیاننامەکە:
لایەنە باشەکانی:
حیزب بە گرنگیەوە دەڕوانێتە  کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و شەڕکردن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی دروستدا.
ئاگادارکردنەوەیان لە ئیستغلالکردنی پرسە گەورەکان (وەک پرسی کورد)، بۆ مەبەستی هەڵبژاردن یان پاوانخوازی، بەتایبەتی لە چوارچێوەی سیاسەتی تورکیادا. 
گومانکردن لە هەناوڕەشی دەسەڵاتی تورکی، ئەمەش ڕەوایە، بە لەبەرچاوگرتنی تۆماری ئاکەپە لە ئیستغلالکردنی پرسە ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی.
 لایەنە خەراپەکانی بەیاننامەکە: 
زمانی بیروبڕوای ڕەق: بەیاننامەکە نوقم بووە لە زمانی ئایدیۆلۆژی (سۆسیالیزم، سەرمایەداری، ئیمپریالیزم) کە ڕەنگە دەنگدانەوەیەکی کردەیی نە دۆزێتەوە لە شەقامی تورکی هەمەچەشنی سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی نەدۆزێتەوە.
پشتگوێخستنی پێشهات وپەرەسەندنە جیهانیە ڕاستەقینەکان: هەڵوەشاندنەوەی پارتی  کرێکاران بە چاوپۆشی لە هۆکار و پاشخانەکانی ، پێشڤەچونیکی گەورەیە. حیزبی شیوعی تورکی هیچ دیدێکی وەک بەدیلێکی پراکتیکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشهاتەکانی ئەم چارەسەرە پێشکەش نەکردووە. واتە ئەی خۆی چی پێیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیەدا.
هەڵوێست لەسەر پرسی کورد: هەرچەندە پشتیوانی خۆیان بۆ مافە یەکسانەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام وردەکاری کۆنکرێتییان نەخستۆتە ڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی دیدگای سۆسیالیستی خۆیاندا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP