مانگرتنی خوێندکارانی ئامادەیی شۆڕش و ئەزبەریەکەی تۆفە

د. سمکۆ شوانی
18:04 - 2025-05-13

ساڵی ١٩٨٤ ساڵی گفتوگۆی يەکێتيی نيشتمانی کوردستان بو لەگەڵ رژێمی عێراق ، بە نيسبەت گەلی کوردەوە ساڵێکی پر خۆشی و گەشت و سەيران و هەڵپەرکێ بوو ، لە سەرجەم شارەکانی کوردستان خەڵک و پێشمەرگە تێکەڵ ببوون و پێکەوە ئاهەنگيان ساز دەکرد ، پێشمەرگە لە گوندەکانی نزيک شارەکان ئاهەنگيان ساز دەکرد و خەڵکيش لە گوندەکانی نزيک و لە شارە نزيکەکانەوە بەشدارييان تێدا دەکرد . خۆشييەکانی گەلی کورد لەم پارچەيەی کوردستان لەو ساڵەدا بۆنی سەرکەوتن و وەرگرتنی دەسەڵاتی  خۆبەڕێوەبرودن(حوکم ذاتی) لێ دهات. تەنانەت بۆ نوکتە هەندێک لە گەنجەکان دەيان وت: بەم دوادوايييە، نەبين بە دەوڵەت  و حەيامان بچێ ! ئەو ساڵە زۆربەی خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی سەڵاحەدين لە  هەولێر و زانکۆی موسڵ لە بايکۆتی خوێندنيان کردبوو. لەبەر ئەوەی ڕژێم داوای لێيان کردبوو، بەشداريی مەشقی جەيشی شەعبی بکەن ، ئەوانيش ئامادەی ئەم داوايەی رژێم نەبوون و خوێندنيان بەجێ هێشتبوو و بەپێی ياسای پەيڕەوکراوی خوێندنی زانکۆ لە خوێندن فەسڵ کرابوون . 
بۆ پشتگيری لە داواکەيان ،  مانگرتن و هەڵوێست نواندن و خوێندن بەجێهێشتن زانکۆی موسڵ و زانکۆکانی بەغدا و زۆرێک لە خوێندنگاکانی کوردستانی گرتەوە وخوێندکارانی کەرکووکيش لەم هەڵوێست دەربڕينە بێ بەش نەبوین .
هاوڕێیەکم بە ناوی خالد کە پێیمان دەوت دکتۆر چونکە خوێندکاری کۆلیژی پزیشکی بوو(بەهۆی ئەو بەزمەوە تەواوشی نەکرد)، ئەندامی ليژنەی ناوخۆی خوێندکاران (ل.ن.خ.) بوو، هەرچەند من وەک ڕێکخستن پەیوەندیم پێوەی نەمابوو، چونکە ئەو هەم لە کۆمەڵەی رەنجدەران و هەم لە یەکێتی خوێندکارانی کوردستان وازی هێنابوو، بەڵام من هەرمابووم لە ناو هەردوو ڕێکخراوەکە ئەو کات عزالدین مجید بۆ هەردوو ڕێکخراوەکە بەرپرسم بوو، دکتۆر کە بەهۆی رێکخستنەوە بوبوین بەهاوڕێ ودۆستی یەکتری، وەک هاوڕێیەکی باش نێوانمان هەرباش بوو، هامشۆ و باس وخواسی خەبات وشۆڕش هەمیشە گەرم بوو لە نێوانماندا. 
ئەو ليژنەيە من ئەوەنەی بزانم کۆمەڵێک خوێندکاری دەرکراو یان بڵێین فەسڵ کراو، بەهۆی ملنەدانیان بۆ جەیش الشعبی، دایان مەزراندبوو، کە ڕابەرايەتيی مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکانی کوردستانیان دەکرد، ئیتر درێژی باسی لێژنەکە نازانم. دکتۆر هاتە ماڵەوە بۆ لام و باسی ئەوەی کرد، کە بە نيازن لە ئامادەيی شۆڕش مانگرتن ڕێک بخەن. من ئەو کاتە پۆلی سێی ناوەنديی خوێندنگای ئەيوو ئەيووب ئەنساری ئێواران بوم  لە گەڕەکی ئيمام قاسم . ئەم قوتابخانەيە لە حەسيرەکەوە نزيک بوو. شانەيەکی ڕێکخستنی بەهێزم لە ئامادەيی شۆڕش هەبوو، کە کامەران حاجی عوسمان سەرپەرشتی دەکرد و سەرداری برای و فەلاح محمد دوو ئەندامی ئەو شانەيە بوون و ناوی ترم ناناسی لەگەڵيان، بەڵام ئەمانە کەسە سەرەکييەکان بوون. بۆيە منيش کامەران حاجی عوسمانم ڕاسپاردبوو بۆ کات و ساتی مانگرتنەکە، کە هەر خۆيان ڕۆژی ١٣/٥/١٩٨٤يان دەستنيشان کردبوو. ئەو ڕۆژە خوێندکارە کانی پۆلی چوار و پێنجی ئامادەیی دەبوو بەشدارييان بکردايە لە تاقيکردنەوەی زارەکی. وا ڕێک کەوتبوون، کە لە حەوشەی خوێندنگاکە گرد ببنەوە و ئامادە نەبن، بەشداری تاقيکردنەوەکە بکەن، تا بەرپرسانی ڕژێم نەيەن و داخوازييەکانيان بەوان ڕانەگەيەنن. ڕێکخستنی ئەم مانگرتنە جگە لە قۆڵی منەوە لە قۆڵی تريشەوە کاری بۆ کرابوو، بۆ نموونە، شەهيد نەجات سلێمان و دەوروبەرەکەی بوون. من شەهيد نەجاتم ناناسی و ئاگام لە جمو جووڵی ئەوان نەبوو، دوای ڕووداوەکان هەندێ زانياريم لەو بارەيەوە دستکەوت. ١٣/٥/١٩٨٤ من ميوانێکی پێشمەرگەم هەبوو، بە مۆڵەت بۆ کەرکووک هاتبوو، ئەويش نووری عەلی ڕەزا (پوورزام) برای شەهيد هەردی دوشیوانی بوو. دڵم لە ماڵ ئۆقرەی ناگرت تا نەزانم مانگرتنەکە سەرئەگرێ سەر ناگرێت؟ حەزم لێبوو لە نزیکەوە بزانم، چونکە من خوێندکاری ئەوێ نەبووم هیچ سیفەتێکی ئەوەم تیا نەبوو مانبگرم و وەک باقی خوێندکارەکانی ئەوێ بڵێم ناچمە هۆڵی تاقیکردنەوە و تاقیکردنەوەی زارەکی(شفهي) ئەنجام نادەم، وتم دەچم لە دوور و نزیکەوە چاودێری دەکەم، وتم کاک نوری ئێمە گۆبەندێکی وامان لە پشت سەرە درمەوێ هەتا عەلافەکانی حەسیرەکە بڕۆم بزانم چی ڕوو دەدات. نوری وتی ئنجا چی تیا بەسەرە منش دێم و دەمێکە حەسیرەکە وخزمانی حەسیرەکەم نەبینیوە فرسەتە سەرێکش لەو خزمانەی حەسیرەکە دەدەم، کۆمەڵێک ماڵ ودوکانداری ناوشوانی خزم ودۆستمان هەبوون لە ئیمام قاسم و حەسیرەکە.
کەواتە باشە بابڕۆین ئێمە هەر سەرێکیان لێ دەدەین بەجێیان دەهێڵین، لەگەڵ نوری لە ماڵ خۆمان لە حەمام عەلی بەگ بە پێ بە ڕێ کەوتین بەرە وحەسیرەکە و بە کۆڵانەکەی پشت مزگەوتی نائب ئۆغڵی بەرەو عەلافەکان و کوشنچیەکانمان کردەوە، کەزانیم هیچ نەبووە، بەرەو بەردەم ئامادەیی شۆڕش ڕۆیشتین تا لە نزیکەوە بزانم مەسەلەکە بەچی گەیشتووە، ڕوانیم خوێندکاران کۆمەڵیان بەستووە هێشتا هیچ پەرچە کردارێک ڕووی نەداوە، نزیک بوومەوە کامران حاجی عوسمان بانگمی کرد و لەگەڵ نوری بەرەو لایان ڕۆیستین و ئەوش لەکۆمەڵەکەیان دوورکەوتەوە بەرەو لای ئێمە هات، دوای چاک و چۆنی و بەیەکتر ناساندنیان لەگەڵ نوری کەوتە باس و خواسی مەسەلەکە کەچهێشتا وەڵام نەدراونەتەوە. لەگەڵ کامەران حاجی عوسمان کەمێک ڕاوەستام و کامەران پێشنياری کرد بمێنمەوە، وتم ئێ ئەبێ من خوێندکاری ئێرە نیم دوایی نابێتە کێشە  وئاژاوە، ئێمە لای خۆمان وامان دانابوو ئەم مانگرتنە وەک هەرمانگرتنێکی ئاشتیانە بە ئاشتی تێپەڕێت و داواکاریەکان بە سەلامەتی بگاتە دەس دەسەڵات داران و کە خوێندکارانی فڵان ئامادەیی لە کەرکوک پشتگیری لە گەڕاندنەوەی خوێندکارە کوردە فەسڵکراوەکانی زانکۆ وپەیمانگاکانی هەولێر وموسڵ وبەغدا دەکەن، ئەگەر لەوێ بمێنم پیاو دەترسێت مانگرتنەکە بەلایەکی تردا وەرچەرخێ و توندو تیژی لێ بکەوێتەوە، کامران وتی ئاساییە خەڵکی غەریبی تیایە. بۆیە منيش پێم باش بوو بمێنمەوە، چونکە وام لێک دايەوە، ئەگەر بڕۆم و بەجێيان بهێڵم، ڕەنگ بێت، بە ترسنۆکم لەقەڵەم بدەن و بڵێن، ئێمەی بۆ ئەم بەزمە ڕێک خستووە و خۆی ئامادە نييە بەشداری تێدا بکات. سەرباری ئەوەش، ئێمە ئەم مانگرتنەمان بە مانگرتنێکی ئاسايی دەزانی و تەنها بە نيازی ئەوە بووين بەرپرسانی ڕژێم بێن و داواکارييەکە بگەيەنن، کە ئەوەی من لەيادم مابێت، لە ٥-٦ خاڵێکدا رێک خرابوو. لەوانە: بەشداری پێ نەکردنی خوێندکارانی زانکۆ بە مەشقی جەيشی شەعبی و گەڕاندنەوەی خوێندکارە دەرکراوەکان و حيساب نەکردنی ساڵی کەوتن بۆ خوێندکارە دەرکراوەکان و چەند خاڵێکی تر، کە من لەبيرم نەماوە . ئەگەری گرتن و لێدان و گەورەبوونەوەی مانگرتنەکە، لای ئێمە ئەگەرێکی زۆر لاواز بوو. نووری پورزامم بەڕێ کرد ، چونکە ئەويش دەيويست  بمێنێتەوە و بەشداری بکات ، بەلام ئێمە پێمان وت :  مانەوەی تۆ بۆ ئێمە باش نييە ، چونکە تۆ پێشمەرگەيت و بە مۆڵەتی ليژنەی تەنسيق بۆ کەرکووک هاتوويت، ڕەنگ بێت بۆ خۆشت خراپ بێت . ئيتر منيش وەک خوێندکارەکانی تر لە ڕيز وەستام و کەوتينە قسە و باسی مانگرتنەکە. بەڕێوەبەری خوێندنگاکە، مامۆستا سەرتيب هات و داوای لە خوێندکارەکان کرد، بچنە پۆلەکانەوە و تاقی کردنەوەکە بکەن. بەلام کەس ڕازی نەبوو بە داواکەی . مامۆستا سەرتيپ تکای لە خوێندکاران کرد، کە واز لەم بەزمە بهێنن و ئەنجامەکەی باش نابێت، خوێندکارەکان هەر سوور بوون لەسەر نەچوونە ژوورەوە و داوايان دەکرد  بەرپرسانی رژێم ببينن. چەند جارێک مامۆستا سەرتيپ چووە ژوورەوە و دەهاتەوە بۆلای ئێمە،  وەک ئەوەی لە دڵ خۆیدا بڵێ با ئاقڵ بم و بەقسەی ئەم خوێندکارە دڵ وخوێن گەرمانە نەکەم کە نازانن ئاقیبەتی ئەم کارەیان چی بەسەر دێت. سوودی نەبوو، تا دواجار مامۆستا سەرتیپ بڕياری دا تەلەفۆن بۆ بەرپرسان بکات .
 لەماوەيەکی کورتدا، هەموو سەربانەکان و دەوروبەری خوێندنگاکەمان بە پياوانی ئەمن و  زەيتوونی لەبەر گيران .   کاک تۆفیق  کە پیاوێکی وەرزشەوانی لەشجوانی بوو نوکتە وقسەی خۆش لە ئیمام قاسم لەسەر مەسولکە نمایش کردنی کاک تۆفیق هەبوو، کاک تۆفیق لەبەردەم خوێندنگاکە بە عەرەبانەیەک ئەزبەری دەفرۆشت، پێش ئەوەی ئەمنەکان بێن زۆر دڵی خۆش بوو لەبەر ئەوەی پەیتا پەیتا خوێندکارەکان ئەزبەرییان لێی دەکڕی ئەویش بەدەم ئەزبەری کردنە قاپەکەوە گاڵتەو قسەی خۆشی بۆیان دەکرد. لەکاتی هاتنی ئەمنەکان من بە ڕێکەوت چاوم کەوتە سەری ، وەک پاسارییەک بەسەر چڵی دارێکەوە گوێی لە دەنگێکی بەرزبێت بەخێراییەکی توند هەڵفڕێ ، بەو شێوەیە کاک تۆفیق بەدەم ڕاکردنەوە عارەبانە ئەزبەرییەکەی  تاودا و ئەو ناوەی جێهێشت.
 من ئەوەی لەبيرم بێت، کەسێکی خڕەی گرپن بە ناوی (ابو اوس) لێپرسراوی ئيتيحاد تەڵەبە و شەبابی کەرکووک بوو، لەگەڵ بەرپرسی ئەمنی ناوچەکە لێمان هاتنە پێشەوە.  هەندێ قسەیان کرد و پاشان بەجوانی ڕيزيان کردين و کەوتنە پشکنينمان. لە کاتی پشکنين لە گيرفانی مندا وێنەي لاپەڕەیەکی داواکارييەکان هەبوو، پێم گيرا. ئەو ئەمنەی لاپەڕەکەی لە گيرفانمدا  دۆزييەوە، لێمی پرسی، ناوت چييە؟ منيش هات بە ئەقڵمدا ناوێکی هەڵەم وت و لەسەر پەڕەکە ناوەکەی نووسی و ئيتر بەجێمی هێشت و کەوتە پشکنينی خوێندکارەکانی تر . دوای ئەوە کەوتنە گيانمان بە کێبڵ و دۆنکی و قۆناغە تفەنگ ، کەس نەبووە برای کەس، بەپاڵ و  شەق و بۆکس و  کێبڵ خستمانييانە ناو سەيارەکانيانەوە . 
هەشبوو لە خوێندکارەکان دەستگيرنەکران و گەڕێندرانەوە بۆ پۆلەکانيان. نازانم ئێمە ژمارەمان چەند بوو دەستگير کراين. من لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری تردا سواری لاندکرۆزێکی سپيی مۆديل ٧٩ کراين. سەرەتا بردمانيان بۆ بەردەم ئەمنی کەرامە لە امام قاسم ، لەوێ دايان نەبەزاندين و بەرەو بەڕێوەبەرايەتی ئەمنی کەرکووک، کە ئەو کات لە نزيک فەرمانگەی ژووری بازرگانی بوو بردمانيان. هەموومانيان لە حەوشەی ئەمن کۆ کردەوە و ئينجا ئەمريان کرد بە سەرنەويکردن ڕيز ببەستين و بەرەو ژوورە تاکەکەسييەکان بڕۆين. پێنج و شەش پەستێنراينە ژوورە تاکەکەسييەکانەوە. هەتا گەيشتينە ناو ژوورەکان، وەکوو ساوەری خێر کێبڵ و دۆنکی و شەق و بۆکس باران کراين . ئەو ژوورەی منی تێدا بووم، جگە لەخۆم ٥ خوێندکاری تری لێ هەبوو. يەکێک لە خوێندکارەکان وتی، کوڕينە من ئەمە جاری يەکەمم نييە و جاری دووەمە بگيرێم، لە بيرتان نەچێت، بەس ئيعتيراف نەکەن و هەڵتان نەخەڵەتێنن ،  بەشەرەفم ئەوەی ئيعتيراف بکات يان بە قەول و قسەيان باوەڕ بکات تا ماوە دەرەوە نابينێ و بۆی هەيە ئيعداميش بکرێت . 
من هەرچەندە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نەم زانی ئەو خوێندکارە کێ بوو ، بەڵام وەک نموونەی کەسێکی سەرکردە و ئازا هاتە بەرچاوم و لە قسەکانی ورە و خۆڕاگری و قارەمانێتيم دەخوێندەوە .
 من لەگەڵ لێدان و سەرشکان و خوێنی دەم و چاوم زۆر هيلاک بووم و تاقەتی هيچم نەمابوو. لەوێش ديسانەوە بەهۆی زلی هەيکەل و ئەو ڕيشەی، کە ئەو کات باو بوو، بەتايبەتی لەناو گەنجە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، پشکی من لە لێدان و کێبڵ و دۆنکی لە هەمووی زياتر بوو. ئەو کاتەی لە ژوورە تاکە کەسييەکە بووم، گوێم لێ بوو، بەدوای ئەو ناوەدا دەگەڕان، کە من بە هەڵە بەو ئەمنەم دا، کە پەرەکەی لە گيرفانمدا گرت ، هاتنە ژوورەکەی ئێمەش و سۆراغی ئەو ناوەيان کرد. لە دڵی خۆمدا وتم، خودايە لێت بەزياد بێت، لەو مەترسييە ڕزگارت کردم .
دوای ئەوە هاتن، يەک يەک چاويان بەستينەوە بۆ لێدان و لێکۆڵينەوە بردمانيان ، ئيتر جگە لە هەرا و نەڕەنەڕی ئەمنە جەلادەکان و فيزاح و ناڵەی خوێندکارەکان، هيچی ترت نابيست و کەس ئاگای لە کەس نەبوو ، هەمو ئەو پرسيارانەی لە کاتی ئەشکەنجەدان لە من دەکرا، ئەمانە بوون: کێ بەرپرسەکەتە لەم مانگرتنە؟ پەيوەنديت بە يەکيتيی نيشتمانی کوردستانەوە هەيە؟ کێ دەناسی پەيوەندی هەبێت؟ تۆ کە خوێندکاری ئامادەيی شۆڕش نيت، چۆن هاتی بەشداری مانگرتن بکەيت؟ مادام خوێندکاری ئەبوو ئەيووبی شەوانەيت، دانی پێدا بنێ، کە خۆت رێکخەری ئەم مانگرتنەيت...هتد . هەموو ولامەکانی من ئەمانە بوون: من لەو خوێندنگايە نەگيراوم، لەسەر جادەی حەسيرەکە گيراوم، لەو کاتەدا من بۆ خوێندن دەمويست بۆ باخچەکەی ئيسکان بڕۆم  کە کەتووەتە بەرانبەر وێنەگری ٧نيسان (ئەم دوکانی وێنەگرييە، ئەوەی من لێم دەزانی، موڵکی ماڵێک بوو، لەسەر کوردايەتی لە لايەن رژێمەوە دەستی بەسەردا گيرابوو، درابوو بە کەسێکی باوەڕپێکراوی خۆيان)، دەستگيريان کردم ، من هيچ نازانم، ئاگام لە هيچ نييە ، پەيوەنديم بە هيچ حيزبێکەوە نييە ، کەس ناناسم لەناو يەکێتی و پەيوەنديم پێيانەوە نييە. ئەوان دەيان ويست، بە فرتوفێڵی ئەوەی دانوستانيان لەگەڵ يەکێتی هەيە، وايان نيشان ئەدا، ئەگەر پەيوەنديت بەوانەوە هەبێت، بەرت دەدەن و کێشەت نامێنێ. بەلام من رەتم دەکردەوە، پەيوەنديم پێيانەوە هەبێت، لەبەر دوو هۆکار: يەکەميان خۆم باوەڕم بە دانووستان نەبوو، ئەمەندەم لەسەر بابەتی دانووستان لەگەڵ پێشمەرگە و کاديرەکان موناقەشە کردبوو و باسم لە کۆتايييەکی خراپی دانوستانەکە دەکرد. بۆيە لەوێش وام بە بيردا دەهات، کە دەبێت لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی بە مۆڵەتی ليژنەی تەنسيق (کە شەهید شوان نوێنەری يەکێتی بوو لەو ليژنەيە) هاتبوونە کەرکووک و دەگەڕانەوە، منيش بڕۆيشتمايە بۆ بۆپێشمەرگايەتی. هۆکاری دووەمش ئەوە بوو، وام لێک دەدايەوە، کە هەر مەبەستيانە هەڵم بخەڵەتێنن، چونکە قسەی ئەو خوێندکارەی يەکەم جار لە ژوورە تاکە کەسييەکە هەر لە مێشکمدا دەزرينگايەوە، کە جەلادەکان دوو ڕێگا بەکار دەهێنن، بۆ ئەوەی ناچارت بکەن، دان بە نهێنييەکانتدا بنێيت، ئەويش لێدان و هەڵخەڵەتاندنە. بۆيە منيش باشترين چارەسەرم لە حاشاکردندا دەبينييەوە، هەر ئەوەشم کردە بنەمای ڕزگارکردنم . بۆ لێدانی من، جەلادەکان يەکتریان دەگۆڕی و تا دەهات لەشم لەگەڵ لێداندا سڕ دەبوو و ئازارەکان کەمتر دەبوونەوە. هيچ لێدانێک بەقەد لێدانی ژێر پێم ئازاری نەبوو، چونکە لەگەڵيدا هەموو بەدەنم زيڕەی دەکرد بە سەريشمەوە ، هەر دوو پێميان بە بەرزييەکەوە بەستبووەوە، کە هەتا ئەو کاتە نەم دەزانی چييە و لەتاو ئازارەکەی هێزێکی وەحشييانەم بۆ پەيدا بوو، بەرەو لای خۆم کێشم کرد و بەسەر خۆمدا ڕووخاند. ئينجا زانيم کورسييە و لەلايەن جەلادێکەوە گيراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی لێدانی من هەم نەجووڵێ و هەم من ڕای نەپسکێنم.        
لێدانێکی تر، کە تاقييان کردەوە، بەستنی کارەبا بوو بە گوێچکەکانمەوە و بە هەر دوو مەچەکمەوە و بە پەنجەکانی پێمەوە بوو  ، لەگەڵ کردنەوەی  ڤوڵتييەی کارەباکە ، ئيتر نەم دەزانی من هەم ، هەستم دەکرد وا لەناو مەنجەڵێکی ئاوی گەرم لەسەر ئاگرێکی بەهێز، لە گەڵ قوڵتی ئاوەکە، من هەڵدەپەڕم ،  تا ڤوڵتييەکەيان دەکوژاندەوە و ئيتر من وەکوو ئەوە وابوو، لە بەرزييەکەوە فڕێ بدرێمە خوارەوە و بدرێم بەسەر زەويدا. جار لەدوای جار دەم وت، با ئەمجارەش خۆم بگرم و هيچ نييە، ئێستا کۆتايی دێت ، ئەوانيش تا دەهات توڕەتر دەبوون لێم و قسەی قۆڕ و جنێو بارانيان دەکردم. تا دوا جار پانتۆڵەکەيان لە پێ داکەندم و خەريکی ئەوە بوون، ئەو وايەرانەی پێشتر لە مەچەکيان بەستبووم، لە زەکەرمی ببەستن. گوێم لێ بوو سۆراغی ناوەکەم کرا ، وتم : بەڵێ منم .  من بەس دەنگ دەبيستم، چاوەکانم بەستراونەتەوە   ، وتيان، يەکێک لە لایەن يەکێتيی نيشتمانی کوردستان لە ليژنەی تەنسيقەوە هاتووە، دەڵێت  : ئەوە ئەندامی ئێمەيە و هاتووە بۆ بەردانت. من لەبەر چەند هۆيەک ئەمەم ڕەت کردەوە: يەکەميان، ئەوە بوو، بە پيلان و درۆم دەزانی و وتم، بەم هەموو لێدانە، دانم بە هيچدا نە ناوە، ئێستا دەيانەوێت، بە درۆ و دەلەسە دانی پێدا بنێم. دووەميش ئەوەم لەياد بوو، کە من بڕوام بە مفاوەزات لەگەڵ ڕژێمدا نەبوو، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بێت و تێک بچێت، دەبێت منيش بڕۆمە دەرەوە. بۆيە وتم، من نايان ناسم و پەيوەنديم پێيانەوە نييە. ئيتر کەسەکە بەجێی هێشتين و جەلادەکانيش وازيان هێنا لەوەی، کارەبا لە زەکەرم بدەن. دوای ئەوەی لە لێدانم بيزار بوون، بردميان فڕێميان دايە ژوورێکی گەورەوە، کە دەوروبەری ٢٠ خوێندکاری تێدا دەبوو. من زۆر هيلاک بووم و هەر ئەوەتە ئاگام لە خۆم بوو، زەرداوم هەڵدەهێنايەوە. يەکێک لە خوێندکارەکان، کە دواتر و لەدوای بەربوونم سەردانی کردم و زانيم ناوی عەلييە، سەرمی خستە سەر ڕانی و گرنگی زۆری پێ دام .
 خواردنيان بۆ هێناين، وتيان ئەمە هی عيشايە. ئينجا زانيم درەنگانی شەوە و ئەمە خواردنی ئێوارەيە دەمان دەنێ. خواردنەکە شلەيەکی سارد و سەموونێک بوو. من هێزم تێدا نەبوو خواردن بخۆم، بۆيە خواردنم نەخوارد، بەلام خوێندکارەکانی تر بەدەم نوکتە و پێکەنين و فشقياتەوە، کەوتنە خواردنی خواردنەکە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP