سكاڵا نەوتیەكەی بەغدا دژ بە توركیا بە كوێ‌ گەیشت ؟

فەرهاد حەمزە محەمەد
20:38 - 2022-06-12


دوای ئەوەی بەرهەمی نەوت لەهەرێم بەجۆرێك زیادیكرد چیتر لە قازانجی كۆمپانیا نەوتییەكان نەبوو لە رێگەی تەنكەرەوە نەوت هەناردە بكەن، بۆیە هانی حكومەتی هەرێمیان دا و رێگەیان بۆ واڵا كرد تا لەرێگەی بۆرییەوە نەوت هەناردەی بكات ٠ دوای ئەوەی راكێشانی بۆری لە ئان و ساتی تەواوكرندا بوو، لەساڵی 2013 رێككەوتنامەی 50 ساڵەی نێوان هەرێم و توركیا واژۆ كرا، لەسەرەتای ساڵی 2014 وە نەوت لەرێگەی بۆریەوە هەناردە كرا و جاڕی ئابوری سەربەخۆ درا، لە 23ی ئایاری 2014دا نوێنەری عێراق سكاڵای لە ژوری بازرگانی پاریس  لەسەر كۆمپانیای بۆتاشی تورکی تۆمار كرد بەهۆی ئەوەی نەوتی هەرێم بە نایاسایی دەفرۆشن ٠بەهۆی سەرهەڵدانی شەری داعشەوە سكاڵاكە باسی نەماو تا نیسانی 2019 دواتر دیسانەوە هاتەوە مەیدان و وا مەزندە دەكرا لەبەرژەوەندی عێراق یەكلاییی ببێتەوە، لەناوەراستی ئایاری هەمان ساڵدا سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراق سەردانی توركیای كرد و لە كۆبونەوەكەدا عێراق رەزامەندی دەربری سكاڵاكە سربکرێتەوە ، دواتر مستەفا كازمی سەردانێكی یەك رۆژەی بۆتوركیا ئەنجامدا و  لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆكی توركیا باسیان لە روبەروبونەوەی  تیرۆر و زیادكردنی ئالۆگۆری بازرگانی كرد بێ ئەوەی ئاور لە نەوتی هەرێم بدەنەوە، لەساڵی 2021دا وەزیری نەوتی عێراق، باسی لە جولاندنی سكاڵاكە دژ بە توركیا كردو وابریار بوو مانگی نیسانی هەمان ساڵ كۆتایی بێت، وە 26 ملیار دینار قەرەبوو بسەپێندرێت بەسەر توركیا  لەبەرامیەر ئەو هەموو نەوتەی  بە نایاسایی لەماوەی ئەو ساڵانەدا هەناردە كراوە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە هەمان کەس دوای  20رۆژ لە قسەكانی لێدوانێکی جیاوازی دا و  باسی  لە پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد، لەبارەی  سكاڵاكەشەوە رایگەیاند لەپێناو پاراستنی پەیوەندییەكان و زیاننەگەیاندن بە  بەرژەوەندییەكان باسی لە دواخستنی  سكاڵاكە كردەوە.
 وا پێدەچێت حكومەتە یەك لەدوایی یەكەكانی  عێراق ئەم سكاڵایە لە بەرژەوەندی  عێراق یەكلایی نەكەنەوە، تەنیا وەك كارتێکی فشار  تەماشای بكەن، بەڵام ئەمجارە سكاڵاكە  سەرلەنوێ زیندوو كراوەتەوە و واپێدەچێت، دۆخەكە لەجاران جیاوازتر بێت چونكە دادگای فیدراڵی بریارێکی گرنگی تێدا داوە و ناكرێت تانەی لیبدرێت، شارەزایانی یاساش وایدەبینن دواخستنی سكاڵاكە،  لە بەرژەوەندی عێراق نییە و تاکە كارتی فشار نیە بە دەستییوە بەلكو زۆر كارتی دیكە هەیە لەوانە هێلی نەوتی عێراق و توركیا.

فەرهاد حەمزە 
سەرۆکی ئەندازیاران لە کۆمپانیای نەوتی باکوور

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP