بۆچی كەس كاری خۆی ناكات؟!

ئەسعەد جەباری
17:08 - 2022-07-30

بۆچی كەس كاری خۆی ناكات؟!
ئەسعەد جەباری

تۆ تەماشاكە بزانە ئەم دۆخە دژوارەی ژیان هەموو كەسێكی راپێچداوە بۆ تێكەڵكردنی پیشەو پسپۆری خۆی بۆ نێو پیشەو پسپۆری ئەویدی! ئاخر چۆن ئەبێت من دەستبەرم بۆ كارێك پێشتر هیچی لێنەزانم یان هیچ نەبێت ئەزموونێكم تیا نییە، قورسترین كار لەم دۆخەدا بابەتگەلی نووسین و شرۆڤە و خۆهەڵقورتاندنە لە تێكەڵكردن بەدنیای رامیاری و سیاسەتەوە، ئەوەش راستە ژیان لێوان لێوە لە ململانێ و كێبڕكێی چوونە پێشەوە، بەڵام بەپلەبەندی و كۆشش نەوەك تێكەڵ بوون بەدونیای جەنجاڵی سیاسەت كە ئەوەش هەر ئەهلی خۆی دەزانێ چۆن لەگەڵ شەپۆلی بابەت و رووداوەكان مەلە بكات! ئەفسوس بۆ هەڵنەبژاردنی كاری خۆمان كە لێرەوە دەمانەوێ دەروازەیەك بكەینەوە بەڕووی تەواوی خوێنەرانی كورد و بەعەقڵیەتێكیش بتوانین دیالۆگ بكەین لەگەڵ یەكتر چیتر لەمەولا بتوانین چین و توێژەكانی كۆمەڵگە رێچكە و رێگا راستەكەی خۆمان بدۆزینەوە یان هیچ نەبێت وەریگرینەوە! جڵەوی ئەو بڕیارەش بەدەستی خۆمانە وەكو خاوەن بەهرەو پیشەمەندانی جیاجیا كەس تێكەڵاوی ئیشی كەسیتر نەبێت!.
هەوڵ و کۆششی راستەقینە
ئەم راستیەش بەهەوڵ و كۆششی راستەقینە دێتەدی، سەرئەنجام بەقازانجی هەمووان دەشكێتەوە و هەلێكیش دەبەخشێت بەڕاستكردنەوەی هەڵە و كەمووكوڕیەكانمان، ئەگەر ئێستا بەچاوێكی ورد و سەرنجدانەوە بڕوانینە میدیای كوردی جۆرێك لەپشێوی و سەرگەردانی و تەنانەت زەمینەخۆشكردن هەیە بۆ تێكشكاندنی خود، ئەوە هەلومەرجی سیاسی كوردستانە كە دەیانەوێ كێبڕكێ بكەن تا لە شەمەندۆفەرەكە دوانەكەون، بۆ بەرژەوەندی خواستویست هەنگاو دەخەنە سەر هەنگاوەكانیان بێ ئەوەی لەئاستی بەرپرسیارێتیدا مامەڵە لەگەڵ واقیع و بارودۆخ بكەن دەكەونە پێش زۆرێك لەبابەت و رووداوەكان وەكو تۆڕێكی جاڵجاڵۆكەیی لە دەوری ژمارەیەك بابەت و ژمارەیەك پیشە و ژمارەیەك بەهرە و ژمارەیەك كاری جیاجیا گردبوونەتەوە و لەهەموو بوارێكدا ئەسپی خۆیان تاودەدەن! ئەم رەوشە لەخۆڕا نییە! ئەم هەنگاوانەش چاودێران دەخاتە گومانەوە ئەوان بۆچی دەیانەوێ خۆیان بخزێننە نێو گشت بوارێكەوە، ئەی كوا پسپۆرایەتی و شارەزایی و قاڵبوون لەبابەتدا، ئەی كوا هەلومەرجی زاڵبوون بەسەر دەربڕین و هەست و نەستی مرۆڤایەتیمان! چۆن دەبێت كەسێك لەیەك ساتەوەختدا خاوەنی چەندین سفەی جیاجابێت! ئەم كۆمیدیایە لە فەزای كوردستاندا بەئاشكرا دەبینرێ، بەردەوام بەشی زۆری تاكی كورد بەتایبەتی لە دەستەبژێری رۆشنبیر حەز بەخۆدۆزینەوە و خۆنمایشكردن و نەرجسیەت دەكات، دەیەوێ بەهەموو شێوەیەك شوناسێك بەخۆی ببەخشێ ئیتر ئەو شوناسە گرنگ نییە بۆ ئەو هەرچی بێت! گرنگ لای ئەو ئەوەیە لە نێو كایەكەدا ناوی ون نەبێت و لە فەزای كایەكاندا ئەگەر لە ریزی پێشەوەش نەبێت لە لیستی سەرجەم بوارە فیكری و رۆشنبیری و هونەری و وێژەیی و بەهرەكاندا جێگەی خۆی مسۆگەر بكات! من ناڵێم ئەم تەوژمی كاركردنە نەخۆشییە، بەڵام هیچی كەمتر نییە لەوەی پەتایەكی كوشندەیە لە نێو چینی باڵای نەتەوە بڵاوبووەتەوە كە كەسایەتیەكان نەتوانن خۆیان بدۆزنەوە لە یەك بواری سەركەتوودا، ئاخر كێ دیویەتی چەندین كەسمان هەیە ئێمە بەدرێژایی تەمەنمان وەكو شاعیر یان چیرۆكنووس یاخود رۆماننووس یان نووسەری رەخنەی ئەدەبی یان بوارێكی هونەری جێدەستی دیاربووە تا ئەو ئاستەی ئەستێرەیەك یان ناوێك بن لەناوەكانی ئەو كاروانە، كەچی بۆ بەدبەختی نەتەوەكەمان ئەو شاعیرە دەبێت بەگۆشەنووسی سیاسی و ئەو گۆرانیبێژە بەهرەمەندە لەپڕ خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستێكی سیاسی و ئەو چیرۆكنووسەش دەبێت ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەو بێژەرە خاوەن سەلیقەی كاری میدیایەش بەشوێنی خۆی رازی نابێت تا ئەوەی شوێنەكەی دەگۆڕێ بۆ هۆڵەكانی پەرلەمان و میدیاش بەڕۆشتنی ئەوانە كەلێنی بۆ درووست دەبێت! باشە لەكوێی دونیادا بووە كەسانێك وەزیفەی سیاسەتیان هەرگیز نەكردبێت و لەژیانیشیاندا دووشتیان لە كۆڕێكی سیاسیدا بەگوێی كەس نەدابێت بەسیحرێكی نامۆ لەپڕ پۆستی باڵای وەزیری یان پەرلەمانتاری وەربگرن! ئەم تراژیدیا شێواوە لەم ناوچەیەدا بەپلەی یەكەم دەبینرێ كە رێگاكان هەموویان بچنەوە سەر قازانج و ویستی سیاسی و وەرگرتنی پۆست و پلەو پایە!.
کێشەی کۆمەڵگە
كێشەی كۆمەڵگەی ئێمە لەناوەڕۆكدا ئەوەیە ئەبێت باوەڕ بەوە بهێنین سەرلەنوێ خۆمان رێكبخەینەوە بەئامانجی راستكردنەوەی هەڵەو كەموكوڕیەكان بۆ ئەوەی بەهرە و تواناو پسپۆرایەتیەكانمان تێكەڵ نەكەین دەبێت دەست ببەین بۆ ئەو بابەتانەی شەئنی خۆمانی تیایەو دووربكەینەوە لەبابەت گەلێك كاری ئێمە نییە، ئەو بازدانە بەسەر عەقڵیەتی پاوانخوازی و كۆنتڕۆڵكردنە چیتر دادی نەتەوەی ئێمە نادات بەتایبەتی ئەمڕۆ لەدونیای رۆژئاوا رووەو سەردەمی تەكنەلۆژیاو ململانێی عەقڵە، كاركردن بەمیتۆدی خۆسەپاندن و وەرگرتنی هەموو كارەكان بۆخۆم و دەستبەسەراگرتن بەسەر كۆی ئیختیساسەكان لەحاڵی حازردا رەتدەكرێتەوە، ئەوە هەموو زانكۆكانی جیهان و ناوەندە زانستی و كلتوری و فەرهەنگیەكانی جیهان دەیانەوێ مرۆڤ لەجەنجاڵی قوتاربكەن بەتایبەتی دوای ساڵی 2000 شەپۆل و تەوژمی بەخشش و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكانی مرۆڤایەتی بایی هێندەی 500 ساڵی رابردوو داهێنان خراونەتە بازاڕەكانەوە بەئەندازەیەك مرۆڤ تەواو یەخسیری ئەو كەشو دۆخەیە كە یان دەبێت لەگەڵی بڕوا یاخوود تەسلیم بێت یان غەرقی جەنجاڵی بێت و تا ئەبەد نەحەوێتەوە.
ئێمەی کورد
ئێمەی كورد لەكوێی ئەو گۆڕەپانە پڕ خوێندنەوەیەین؟ ئایا دەتوانین لەگەڵ بارودۆخ هەڵبكەین؟ رۆڵی رۆشنبیرانمان دەبێتە پاڵپێوەنەر بۆ تەعمیمكردنی تێگەیشتن لەیەكتر؟ ئایا جەماوەر چۆن لەوەرگرتنی رایەكانی دەستەبژێر دەگات؟ ئەو پاشاگەردانیەی بەمیدیای كوردی و بانگهێشتكردنی میوان و گوتاردان و ملكەچكردنی وەرگر بەقسەو رایەكانی تا چەند تەندروستن؟ غیابی ناسینەوەی خودی كەسایەتی تاكی كورد نەبوەتە جێگەی مشتومڕی ئێمەومانان؟ باشە بۆچی دەبێت ئێمە گوێبگرین؟ ئەی رۆڵی خودی خۆمان لەهەموو ئەو قسەو قسەڵۆكانەی لەمیدیاكانی كوردیەوە پەخشدەكرێن چییە؟ ئایا دەكرێ سایكۆلۆژیای كاراكتەری نێو شاشە و نووسەرانی نێو سایت و رۆژنامەو گۆڤارەكان كاربكەنە سەر هەست و نەستی ئێمە؟ باشە تا ئێستا لەخۆمان پرسیوە تاكی كورد دەیەوێ بۆ كوێی ئەو رێگایە ملبنێ؟ یان كەسایەتی و دەستەبژێری نەتەوەكەمان لە هەناوی دەوروپشتێكی ئاڵۆزاوی و تێكەڵ بەجیهانی گەلانیتر و كلتوری نەبوەتە، ئەوەی تا هەنووكە وێڵبین بەدووی دۆزینەوەی رێگە راستەكەی نەجاتبوونمان لەو هەموو ئەندێشە و ئازار و مەینەتیانەی بەسەر نەتەوەدا هاتووە؟ كلتوری رۆژئاوا و شەپۆلی ناسیۆنالیستی شۆڤیەنیەتی نەیارانمان بۆ سەپاندنی ئایین رۆنەچووەتە نێو ناخی تاكی كورد و هەوڵی سڕینەوەی مۆرك و جێپەنجەمان نادات؟ باشە لەو هەموو ئەگەر و گۆڕانكاریانەی ئەم ناوچە ئاگریناویەی ئێمەدا نەتەوەی كورد تاكو كەنگێ بیری بۆ ئەوەناچێ ماشێن و ماكینەی هاڕینی عەقڵی مرۆڤ سەختترو قورسترە لەسەركوتكردنی راستەوخۆی نەتەوە؟ كوشتنی رۆح چییە؟ ئایا دوژمن و نەیاری ئێمە بە فیعلی دەیانەوێ بمانكوژن یان رۆحمان بكێشن؟ هەموو ئەمانە لەئەستۆی دەستەبژێر و رۆشنبیری راستەقینەیە كە دەیەوێ لە یەك رێگاوە بچێتە نێو دۆزینەوەی چارەسەرو هۆشمان بۆ بگێڕێتەوە لەخەوی غەفڵەت رامانچەڵەكێنێ بەداهێنانەكانی خۆی، نەوەك ئەویش ببێتە هۆكاری زیاتر قورستركردنی باری سەرشانی نەتەوە و بەهەموومانەوە گەلەكەمان سەرقاڵ بكەین بەونبوونی هەموو رێگاكان و داخستنی ئومێدو كوژاندنەوەی تروسكایی رۆشنایی دەم كەل.
داهێنانە سەیرو سەمەرەکان
لەیادمە جارێكیان لەكۆبوونەوەیەكی گشتیدا سەرۆك «مام جەلال» چیرۆكی داهێنانە سەیرو سەمەرەكانی وڵاتی چینی بۆ گێڕاینەوە كە لە نوێترین هەنگاوی ئەو میللەتەدا كەسێك نییە لە خەمی نیشتمان نەبێت تەنانەت پیرو پەككەوتە و پیرەمێردەكانیشیان، مام پێی وتین: ئەمڕۆ لە یەكێك لەگۆڤارەكانی چین بابەتێكی سەرنجڕاكێشم خوێندەوە چۆن كاریان بۆ پیرەمێرد و بەتەمەنەكانی وڵاتی خۆیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بێكارنەبن! ئەویش ئەوەیە هەر پیرەمێردێك دەتوانێ سەرلەئێواران لە گەڕەكەكانی خۆیان منداڵانی گەڕەك كۆبكەنەوە لەدەرووی خۆیان و ئەوانیش حیكایەت و چیرۆكە هەستبزوێنەكانی داهێنان و شۆڕشە پیشەسازییەكەی چین بۆ منداڵانی گەڕەك بگێڕنەوە كە وڵات لەچ قۆناغێكەوە گەیشتوەتە ئەم ئاستەی ئێستای، هەڵبەت دۆزینەوەی وەها كارێكی گەورە بۆ جۆشدانەوەی گیانی هاریكاری و خۆشەویستی نیشتمان و كۆبوونەوە لەدەرووی دەسكەوتەكانی دەبێتە هاندەرو پاڵپێوەنەر بۆ داهاتوویەكی باشترو گەشتر، ئەوەی سەرنجە ئەوەیە مایەی دەستخۆشییە بۆ وڵاتی چین پیرەمێرد و بەتەمەنەكان بخاتە نێو كارێكی وەها مەزنەوە، لەهەمانكاتدا مووچەشیان بۆببڕێتەوە لە پای ئێوارە دانیشتنەكانی گەڕەك و حیكایەتە سەیرو سەمەرەكانی جۆشدانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆشەویستی نیشتمان.
ئەم سەرگوزشتە و بابەتە ئەمانجوڵێنێ تا ئێمەش لەخەون و خەیاڵی نیشتماندابین! هەوڵ بدەین دوور لەخۆسەپاندن و قۆرخكاری پیشەی ئەویتر بۆ دۆزینەوەی رێگا ونبووەكانی خۆمان و هێشتنەوەی جێپەنجەی ئەزموونی باڵا كۆشش بكەین! بگەڕێینەوە بۆ سەرلەنوێ پێناسەكردنەوەی رۆڵی تاك لەنێو كۆمەڵ و رۆڵی چین و توێژە ناسراوەكان و خاوەن پیشە و خاوەن بەهرەكان هەر یەكەو لەئاستی خۆیەوە لەكارێكدا برە و بەڕەوڕەوەی كاروانی خزمەت بدات نەوەك هەموومان لەنێو ژوورێكی قەرەباڵغدا پەنگبخۆینەوە و هەناسەمان بۆ نەدرێ دواجار گەر فریای خۆمان نەكەوین دەخنكێین!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP