ئێوە بە چی ئەخلاقێکی میدیایی کاردەکەن؟

خالد سلێمان
08:33 - 2022-10-20

ناوەندەکانی میدیای کوردی پەلەیان کرد لە گواستنەوەی هەواڵەکانی ڕووداوی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە گەرمیان، بەبێ دڵنیابوونەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئاکام عومەریان بڵاوکردەوە، کە لەڕاستیدا کاک ئاکام بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە. 

لەو هەواڵە بێ بنەمایە ناخۆشترو ناپیشەییتر ئەم هەواڵەی ڕووداوە کە لێرەدا وێنەیەک و لینکەکەی دادەنێم. پێش ئەوەی هیچ قسەیەک بکرێت بفەرموون ئەم پەرەگرافەی هەواڵەکە وەک خۆی و بەبێ هیچ دەسکارییەک بخوێننەوە:

(شایەتحاڵێک لە نەخۆشخانەکە دەڵێت، "ئەوەندەی من ئاگادار بم کاژێر 12 بۆ 12:30 بوو ئەو بەڕێز ئاکام عومەرەیان هێنا، بارودۆخی خراپ بوو، چونکە مل و شان دڵ سکی بریندار بوو خوێنێکی زۆری لێ رۆشتبوو، لە کاژێر یەک بۆ 5ـی ئێوارە لە ژووری نەشتەرگەری بوو، چوار پێنج نەشتەرگەری بۆ کراوە، باشە بەس باشبوونەکەی ئەوەیە تەنیا رووحی هەیە و تەواو.").

ئەوەی لەم هەواڵەدا جێگەی تانەلێدانە لە ڕووی ئەخلاقی پیشەیی و ڕەچاونەکردنی باری دەروونی کەس و کاری ئاکام عومەرەوە، ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسەکە دەنووسێت: "باشبوونەکەی ئەوەیە تەنیا رووحی هەیە و تەواو". 

لێرەدا دەکرێ زۆر لەسەر ئەم ڕستەیە بوەستین و ئاوا بەئاسانی تێپەڕ نەبێت. یەکەم شت ئەوەیە کە دەستەواژەیەکی تر بۆ حاڵەتەکە هەیە دەنووسرێت: (باری تەندروستی ناجێگیرە). تەنها دکتۆریش دەتوانێت ئەم قسەیە بکات، بەڵام ڕووداو لەسەر زاری شایەتحاڵێکی نەناسراوەوە ئەم قسەیە دەکات. بەڕاستی میدیاییەکی دوواکەوتووی سەرەتاییش لێدوانی وا بڵاو ناکاتەوە، بەتایبەتی زانیارییەکە لەسەر سەرکردەیەکی پێشمەرگەیەو ڕوویەکی ئەمنیی هەیە. لە ڕوویەکەی تریشەوە کاک ئاکام عومەر وەک هاووڵاتییەک، دوور لە پلە سەربازییەکەی، شایانی ئەوەیە بەزمانێکی تر باسی باری تەندروستی بکرێت نەک وەک ئەوەی لە هەواڵەکەی ڕووداودا هاتووە.

ئەو کەسەی قسەکەی کردووە، ئەگەر کەسی نزیکی بریندارەکە بێت یان بەرپرسێکی سەربازی یان فەرمانبەرێکی نەخۆشخانە بێت، مافی ئەوەی نیە بەم شێوەیە جارێکی تر دڵی خێزانی بریندارەکەو خەڵک داخورپێنێت، چونکە جاری یەکەم دڵیان بەهەواڵی ڕووداوەکە داخورپاوە. ئەگەر لە دەرەنجامی دڵتەنگی و نەزانیش قسەکەی کردبێت، ئەوا نابێت کەناڵەکە وەک خۆی بیگوازێتەوەو لای خۆیەوە بۆ جاری دووەم دڵی خەڵک داخورپێنێت. ئەم ڕستەیە دەرچوونە لە هەموو پرانسیپێکی کاری میدیایی.

باشە کەناڵێک کە خۆی وەک دەزگایەکی پیشەیی بواری میدیا پێناسە دەکات، فەرهەنگێکی نیە بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەکان لە بواری ئەمنی و تەندروستی و سەربازی و دەروونیی...هتد بۆ ڕۆژنامەنووسەکانی؟ ئایا بەرپرسانی کەناڵەکە ئەوە نازانن کە ڕستەیەکی لەو شێوەیە لە زمانی کوردیدا بارگرانییەکی زۆر بەسەر باری دەروونیی خوێنەرو بینەرو بیسەرەوە دروست دەکات؟ ئەرێ ئێوە بەچی ئەخلاقێکی کاری میدیایی کاردەکەن؟ 
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1910202218

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP