نامەی گەردن ئازادی

سەلمان شێخ بزێنی
15:50 - 2022-12-08

نامەی گەردن ئازادی  
‎ سەلمان شێخ بزێنی

ئەم ئێوارەیە بە تەنیشت خاسەوە...
 یادی ئەو نیوەڕۆیەی بەهاری ئاوایی دەكەمەوە! وەلێ هاژو هوژی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكان بە ڕاستە شەقامەكەدا وەڕستم دەكەن، دەترسم نەتوانم وشە گەلێك ڕیز بكەم  كە شایستەی جوانی و بوێری تۆ بێت.
‎لە ئەمێستای ئێرەو ئەوسای ئەوێ... ئاسمان و ڕێسمانی  نێوانە!
‎نازانم ئەم ڕستانە چیمان پێ دەبەخشن... خەیاڵێكی پوچە وانیە؟
‎یادێكەو گەردن ئازادییەكە و هیچیتر. ئەگەر گەورەییی بنوێنیت و نامەكەم وەرگریت و  بیخوێنیتەوە!
‎ئا... بزانم بە بیرت ماوە!؟
‎: ئەو نیوەڕۆیەی دایكی كۆچ كردوت پێمانی زانیو لە نێو داڵانی دەرگای حەوشەتان ڕایگرتین،  تەواوێك لێمانی ڕوانی, چاوێكی لە تۆ كردو بە زەردە خەنەوە كەوتە نێوانمانەوە!
‎تۆش هیچ نەشڵەژایت، نیشانەی ترس و سام بە ڕوتەوە دەرنەكەوتن،  بە پێچەوانەوە...  بە تەنیشت دایكتەوە  یەخەت كردەوە و سینەت هاوردە پێشەوە، چاوێكت داگرت و  خەندەیەكت بەڕوما پڕژاند وچویتە پشتی دایكتەوە،  پەنجە یەكت لە سەر لێوت  ڕاگرت و كەوتیە  سەرەتاتكێ،
‎منیش لەگەڵ بیستنی وتەكانی دایكتا...  دەكشامەوە دواوە  تاپشتم بە دیوارە كەوە  داو ئەژنۆكانم كەوتنە لەرزین,  خەریك بوو هەناسەم دەگیرا، وامدەزانی وتەكانی دایكت  شۆخییەكی ژنانەن,  بۆ تەریق بونەوەی من،  دایكێك شتێكی لە هەست و سۆزی هەرزەكارێك  زانیبێت بۆ تۆ,  هەروا سەرپێچی نەریتی كۆمەڵگای كردبێت،  بیهەوێت وانەیەك بەو هەرزەكارە دا بدات,  تا ڕوی نەبێت جارێكیتر بە بەر ماڵتانا گوزەر بكات.
‎وەلێ داخەكەم...  بە هەڵەداچوم و تۆشم خستە دۆخێكەوە! ئاخر وتەكانی دایكت بۆ ئەوسای من هێندە لە ناكاوو شەرم ئامێز بوون... لە یەك كات ترس و شەرم پەكیان خستم،  بە تایبەت ئەو ڕستەیەی كە دەیوت:» ئەوە (گرێبەستی سور)ی پێدەڵێن! بە ژیانتان باجی هەڵوەشاندنەوەی گرێ بەستەكە دەدەن!  ئازابن بڕیاری بۆ یەكبونتان بەم گرێبەستە بسەلمێنن»!.
‎ئەمێستا دەمەوێت لەم نامەیەدا... بەچەند وشەیەكی خەمگین، لە ناخێكی پەست و دڵێكی بە خورپەو گیانێكی ماندوو، ڕازیكی لێوانلێو لە پەشیمانی، سەرزەنشتی خۆم بكەم.
‎ بڵێم چی؟   ئاخر هێندەم لە بارابوو... سەری شەرمەزاریم نەوی كرد و زمانم بە وشەیەك نەگەڕا، تا بەوەی  پێوەدانی دەرگای حەوشەتان, هێندەی بۆمبێك بە دوواما زرمەی بێت و هێندەی مردن دوور بكەوینەوە!.
‎ئەمێستا دووای ڕوخاندنی گوندەكەمان لە لایەن سوپاو سەربازانی دوژمنەوە.... نە حەوشەو حەسارەكەی ئێوە ماوە، نە ئاوایی و نە من دە توانم بە بەر ماڵتانا گوزەر بكەم و لە درزی دەرگاوە چاو بگێرم بۆت,  نە پاساوێكمان هەیە   بۆ یەكتر بینین.
‎دەزانم تۆش... خزاویتە كۆڵانێكی تەنگە بەری ئەم شارەو خەمی ماڵ و منداڵ سەرقاڵی كردویت،  لە وانەیە نەتەوێت چیرۆكێكی سەرنەكەوتوو لە ئێستایا تاقی بكەیتەوە، لە سیناریۆیەكی گاڵتەجاڕیدا ڕۆڵی نەشیاوی تیا بگێڕیت؟، منیش ئەمەت لێ داوا ناكەم، وەلێ پێم خۆشە... بە كۆڵێ گوناهەوە جارێكیتر بێمەوە بەر ماڵتان و لە دەرگای دڵت بدەم، داوای لێخۆش بون و گەردن ئازادانەت لێ بكەم و پێت بڵێم:  ئاستی تێگەییشتنم بۆ وتەكانی دایكت  هەر هێندە بوو!  پێچەوانەكەی بە ڕاست بزانم،  ئەو تفەنگ و خەنجەرانەشم هێنایە بەرچاوی خۆم...  كە لە ناكاوا جوتە دڵ خوازەكانی پێ دەكەنە ئامانج!  دواتر تێكەڵبونی خوێنەكانیان دەبنە كڕینەوەی شەرەفی خێزانەكانیان!.
‎دواجار منیش ئەوەم  بە قەدەری من و تۆ زانی و ترسنۆكانە لێی هەڵهاتم وتۆم  نا ئومێد كرد!.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP