جەولە و كاروان
ستران عەبدوڵلا
لەوانەیە دە ڕۆژ، لەوانەیە مانگێك، لەوانەشە ساڵێكی تر دەرفەتی هەبێت بگەڕێتەوە ناوچەی تیپەكەی خۆی. ئەم تازە لەگەڵ هاوڕێكانی جەولەیەكی دوور و درێژییان دەستپێكردووە.
لەوانەیە یەكەم جەولەی بێت، لەوانەیە دەیەم و لەوانەشە دەجەولەی تریش بكات.
ئەو سەیری چارەنووسێك دەكات كە بە هێڵێكی باریكی دەڤەری ئازاد كراو و هەموو كوردستان دەبینێت.
ئەو، ئەمانە و ئەوانی تریش كە لەم وێنە دیار نین و لە وێنەی تر دەركەوتوون، بە تێكڕایی خەمی چالاكی و خەمی فریاگوزاری هێزێكی ترن كە لەوانەیە لە بەرەیەكی جەنگ هیلاك ببن و گوشاریان لەسەر بێت. لەوانەشە وا نەبێـت، ئەمان خۆیان هیلاكن و دەچن بۆ پشوو دوای ئەوەی دەور و تەسلیمیان لەگەڵ هاوسەنگەرەكانیان كردووە.
لەوانەیە خەڵكی قورەتوو، یان دارەتوو، خەڵكی خانەقین یان نسیبین بێت و هاتۆتە ناو ئەم كاروانە كوردستانییەی شۆڕشی نوێوە. دور نییە خەڵكی دوز، یان نزیكتر، خەڵكی كفری و كەلار و هەولێر و رواندز بێت.
وا جەولە دەكات و دەزانێ ئەم كوردستانە هەر دەڤەرەكەی خۆی نییە. وا دەبینێ نیشتمان پڕە لە پێشمەرگە و ڕێكخستن بەسەد بن زار و ئاخاوتن خۆشەویستی بۆ كوردستان و بۆ كوردایەتی نیشان دەدات.
لەوانەیە ڕۆژمێرێكی كۆنی پیرەمێردی لە گیرفان بێت لەهەر كانیاوێك شیرین وشەیەك بگوێزێتەوە، یان لە خانەی بیرەوەریدا (هەمبانە بۆرینە)یەكی گلدابێتەوە.
جەولەیە ئیتر، هەمووشتێكی لێ چاوەڕوان بكەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP