لە ئێستادا كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، بە تایبەتی لە ناوچە دابڕێندراوەكان، هەموو لایەنەكان لە كێبڕكێدان بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی ئەنجومەنەكان و گەیشتن بەدەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەکان، ئەوەی كە بانگەشەی شەنگال لەگەڵ ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە جیادەكاتەوە، زامە سەخت و بەردەوامەكەی شەنگال و خەمە قوڵەكانی شەنگالییەكانە، چونكە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (٩) ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆرستانی داعش و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان، هێشتا زیاتر لە (١٦٠) هەزار هاوڵاتی دەڤەری شەنگال لەكامپی ئاوارەكان لەپارێزگاکانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی كۆمەڵێك لەمپەر و بەربەستەوە دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
لە دوای تێپەربوونی (٩) ساڵ، هێشتا قائیمقامییەتی شەنگال لە تەنیشت شاری دهۆكە و هەر هاووڵاتییەكی قەزای شەنگال كە بۆ مامەڵەیەكی رەسمی پێویستی ئیمزایەكی قائیمقام هەبێت، پێویستە بۆ ماوەی سێ سەعات بە سەیارە رێگا ببڕێت و لە (١٢) سەیتەرە تێپەڕێت تا دەگاتە قائیمقامییەتی شەنگال لە (دومیز - فایدە) لەتەنیشت شاری دهۆک، بوگەڕانەوەش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
لە دوای تێپەربوونی (٩) ساڵ بەسەر داگیركاری و وێرانكاری و کۆمەڵکوژی ئێزدییەكانی شەنگال، هێشتا كەشێكی گونجاو نەرەخساوە بۆ كۆبوونەوەی شەنگالییەكان لە زێدی خۆیان، چونكە بێجگە لەوەی زیاتر لە (١٠٠) هەزار هاووڵاتی ئێزدی بە ناچاری روویانكردووەتە وڵاتانی ئەوروپا، هێشتا كۆچی گەنجانی دەڤەرەکە بۆ هەندەران هەر بەردەوامە، لەهەمان كاتدا هێشتا ئێزدییەكان بەهۆی ململانێی حزبایەتییەوە بەسەر (٥) بەشدا دابەش بوون، هەر بەشێك لەوانە پەیام و جیهانبینی خۆیان هەیە بۆ چارەسەركردنی دۆزی شەنگال و شێوازی حوكمرانی و ئایندەی دەڤەرەکە.
-هێشتا خەمی شەنگالییەكان بەردەوامە، چونكە لەدوای تێپەڕبوونی (٩) ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەدا، شەنگالیەکان بەردەوام بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و جیاکاری و وێرانكاریییەکانەوە دەناڵێنن، هێشتا چارەنووسی هەزاران مناڵ و كیژۆڵە و ژنی بێتاوانی ئێزدی نادیارە.
-هێشتا سەرجەم رەهەندە (سیاسی، یاسایی، ئیقلیمی، نێودەوڵەتی، كۆمەڵایەتی و مێژووییەكانی) شەنگال، تەنها بە دیدی رەهەندێکی سەربازییەوە سەیردەكرێت.
خەمەکانیان بەردەوامە، چونکە لەدوای روخانی رژێمەوە شەنگالیەکان هاوشێوەی ناوچەدابڕێندراوەکان چاویان لەوەیە زانکۆیەک، نەخۆشخانەیەکی شایستە، پارکێکی سەردەمیانە، لە شارەکەیان بکرێتەوە.
هۆکاری بەردەوامبوونی هەموو ئەم خەمانە بۆ سیستمی ناڕەوای ئیدارەی قەزاکە و ئیدارە خۆجێیەکەی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێتەوە و تاکە چارەسەریش بۆ دۆخی شەنگال بەشداریكردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئیدارە خۆجێیەکەی نەینەوا و شەنگال و پێکهێنانی ئیدارەیەکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار و شەفاف کە خزمەت بەهەموو شەنگالیەکان بکات بەبێ جیاوازی.
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ جەماوەری شەنگال چەندە چارەنووسساز و گرنگە، ئەوەندەش دەرفەتێکی مێژووییە کە بەشدارییەکی فراوان لەپرۆسەی دەنگداندا بکەن و دەنگ بدەنە هاوپەیمانی (یەکێتی خەڵکی نەینەوا). چونکە سەرکەوتنی یەکێتی لەو پارێزگایە، دەبێە فاكتەری سەرلەنوێ كۆكردنەوەی ئێزدییەكان، نەهێشتنی جیاکاری، ئاسایکردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری شەنگال، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، نەهێشتنی ئاسەواری تیرۆرستانی داعش، دەست پێكردنی كۆچی پێچەوانە بۆ شارەکەیان. بۆ ئەو مەبەستە، هاوپەیمانیەتی یەکێتی خەڵی نەینەوا، بەرنامەیەکی تایبەت و ستراتیژی بۆ چونیەتی چارەسەرکردنی کێشەی شەنگاڵ و میکانیزمی جێبەجێکردنی بەرنامەکە داڕێژراوە،بەجێبەجێکردنی بەرنامەکە، زامی شەنگال ساڕێژ دەکات و كۆتایی بە خەمە بەردەوامەکانی شەنگالییەكان دێنێت .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP