(سەرۆک بافڵ، هەڵگری پەیامی ئاشتی و سەقامگیریی)
لەتیف نێروەیی
چەمكی ئاسایشی جیهان، دەستەواژەی كۆكراوەی ئاسایشی دەوڵەتان و هەرێم و ناوچەكانی جیهانە و ئەمساڵ بۆ یادی شەست ساڵەی دامەزراندنی، بە بەشداری نزیكەی (450) سەرۆك و كەسایەتی نێودەوڵەتی و شارەزا و پسپۆڕانی بواری ئاسایش بەسترا و لە پێشهاتێكی ئەرێنێشدا (بافل جەلال تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك سیاسەتمەتدارێكی كاریگەر لە عیراق و ناوچەكە بەشداریی كۆنفرانسەكەی كرد.
بایەخ و گرنگی كۆنفڕانسی میونشن، تەنها لەو ئاستەدا بەرجەستە نابێت كە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم راڤەی نوخبەی جیهانیی، بەڵكو لەو بوارەشدا گرنگیەكەی دەردەكەوێت كە رێگاچارە و ئەلتەرناتیفی بەهێزكردنی پایەكانی ئاسایش پیشانی دەوڵەتانی جیهان دەدات، هەروەها دەرفەتێكی گرنگی دیپلۆماسیشە كە نوێنەرایەتی دەوڵەتان لەسەر پرسە جیهانیی و هەرێمیی و نێوخۆییەكان ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری دەكەن. بەشێوەیەكی گشتی ئەم كۆنفڕانسە بە یەكێك لە وێستگە گرنگ و مێژووییەكان دادەنرێت، چونكە:
ـ جیهان بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغ و هەلومەرجێكی زۆر هەستیار و مەترسیدار و ناسەقامگیردایە و لە رووی ئاسایش و ئابووری و سیاسی و ژینگەیی، هەڕەشەی هەمەجۆر هەیە، هەروەك دەركەوتنی فرە جەمسەری (وەك ئەوەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەیانیكردووە)، ئاستی هەڕەشە و شەڕی بە وەكالەت و سنوربەزاندن و زۆر قەیرانی دیكەی نێودەوڵەتی دروستكردووە، سەرجەم ئەم دەركەوتە نوێیانە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشەی جددی لە ئاسایشی جیهانیی.
ـ بەگەڕانەوە بۆ دیاردەی كۆتایهاتنی تاكجەمسەری و دەركەوتنی مۆدێلی فرە جەمسەریی، وایكردووە بەشێكی زۆری دەوڵەتانی جیهان بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا دابەش ببن و ئەم دابەشكارییە چانسی بێلایەنبوونی كەمكردۆتەوە، دەوڵەتان ئەوانەی خۆیان لە ململانێكان بەدوور دەگرن، خەریكە دەبنە كەمینە، زیاتریش ئەو وڵاتانەی كە توانای ئابووری، سەربازی، دیپلۆماسی، جیۆسیاسیان بەگشتی سنووردارە و رەگەزی هێزو مانەوەیان كەمترە، پێناچێت هەتا سەر بێلایەنبوونی خۆیان بپارێزن.
ـ شەڕ و ناكۆكیە جیهانیەكان بە ئەندازەیەكی فراوان روو لە هەڵكشانن، بەردەوامی شەڕی روسیا و ئۆكرانیا و هەڵوێستەكانی ناتۆ لەلایەك و تەشەنەسەندنی روداوەكانی غەززە و شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هەروەها بارگرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەمانكاتدا بەردەوامی هەڕەشەكانی تیرۆر ، دیاردەگەلێكن پێویستیان بە هەنگاوی بە پەلەی دیپلۆماسی و لە یەكتر گەیشتن و هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و ئەگەر بەر بەو شەڕانە نەگیرێت، كارەساتی مرۆیی گەورە دەخوڵقێن.
گرنگی كۆنفڕانسی میونشن بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان
جوگرافیای عێراق و هەرێمی كوردستان، ناوچەی زۆرێك لە ململانێ هەرێمیی و نێودەوڵەتیەكانە و گرنگی کۆنفرانسەکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە خەریکە بەکارهێنانی کارتی چەک بۆ لاسەنگکردنی ئەو ململانێیانە دەبێتە بژاردەیەکی سەرەکی، هەروەک هێشتا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان پێویستی بە هەوڵێکی فراوانتری نێودەوڵەتی هەیە، کە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی و ئیداری و تەنانەت ئەمنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا بێنێت، تا رادەیەکیش دەستوەردانی دەرەکی و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عیراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە سنوردار دەکات.
دیدار و كۆبوونەوەی وەفدی ئەمەریكا و عیراق لە بارەی رێككەوتنێكی نوێی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و دانیشتنی جێگیری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیری عیراق، رەنگە ئاراستەی بەشێك لە مللانێكانی نێو عیراق بگۆڕێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بەهای دۆلار و گرفتی گروپ و میلیشیا و دیاردە نابەجێیەكانی ترەوە هەیە، لەو سۆنگەوە دەشێت دۆخی پەیوەندییەكانی هەردوو دەوڵەت بگەیەنێتە شوێن و ئاستێكی بەرزتر.
گرنگی کۆنفرانسەکە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وەك وێستگەیەكی نێودەوڵەتی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە:
ـ لەدوای نەخۆشكەوتنی سەرۆک مامجەلال، پاشان ماڵئاوایکردنی و تا ئێستا بۆ یەکەمجارە یەکێتی لەسەر ئاستی کەسی یەکەم بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسێکی گرنگی نێودەوڵەتی تایبەت بەئاسایش دەکرێت ، ئەمەش بەڵگەی كاریگەریی یەكێتی و سەرۆكەكەیەتی لە پرسە گرنگەكانی ئاسایشی عیراق و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هاوبەشیكردنی لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی .
ـ بۆ یەکێتی گرنگیەکی تایبەتی و مێژوویی هەیە، چونکە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی وەکو تاکە سەرۆکی حزبێکی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و هەموو عێراق بەگشتی بەشێوەی فەرمی بانگهێشتی کۆنفراسەکە کراوە، ئەمەش مانایەکی تایبەتی بەپێگە و سیاسەتی هاوسەنگ و سەنگینی یەکێتی و روڵ و دیدگاو جیهانبینی خودی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەجۆراوجۆرەکان لەرێی دانوستان و بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەرجەستە دەکات.کەپێشتر لەهەموو کۆنگرەو کۆنفرانس و دیدارە فەرمییەکانیدا لە سلێمانی ،هەولێر ،بەغداد ، هەروەها لەهەموو کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ تیم و دیپلۆماتکارە نیودەوڵەتییەکانیدا ،هەڵگری پەیامێکی ئاشتیخوازانەی بێ مەرج بووەو رایگەیاندووە ،ئێمە دەستی ئاشتی و تەبایی بەبێ جیاوازی درێژدەکەین بۆ هەموولایەنەکان بەوڵاتانی ئیقلیمی شەوە و لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان و هێنانەکایەی سەقامگیرین لەرێی دانوستانەوە ،ئەم سیاسەتە هاوسەنگ و شەفافەی یەکێتی لەدوا کۆنفرانسی باڵای نێودەوڵەتی رەنگی داوەتەوە .
ـ لەلایەکی دیکەوە بەشداریکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کۆردستان لە کۆنفرانسەکەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ دەڤەری سلێمانی، چونکە هاوکات لەگەڵ بەشداری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، هەندێ بەرپرسی باڵای تورکیاش بەشداریانکردووە لە کۆنفرانسەکەدا، پێدەچێ کۆنفراسەکە ببێتە دەرفەتێکی گۆنجاو کە لەپەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەشێوەی راستەوخۆ یان لەرێی دۆستانی یەکێتی و گەلی کوردستانەوە ،جۆرێک لە نێوەندگیری و ئاڵوگوری بیرورا بێتە کایەوە و بەهۆی خستنە رووی سیاسەتی هاوسەنگی یەکێتییەوە تورکیا تێگەیشتنێکی باشتری بۆ سلێمانی هەبێت، لە روانگەی ئەو تێگەیشتنە دروستەوەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوسەنگ و هاوبەش،بولەمەودووا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاراستەبکرێت.
ئەو تێگەیشتنە دروستە لە ئەنجامی پەیامە شەفافەکەی سەرۆک بافڵ بەدی دەکرێت کە لەمیانەی دیدارەکانیدا رایگەیاندووە: یەکێتی جەخت دەکاتەوە سەر پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەش و نیشتمانیەکان و درێژەدان بەسیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مامجەلال بۆ چارەسەرێکی ئاشتیانەی کێشەکان. بۆیە ئەم سیاسەتەی یەکێتی، سیاسەتێکی پێشوازیلێکراوە کە لەدوای کۆنگرەی پێنجەمەوە پەیرەو دەکرێت و لەداهاتووشدا لەسەر هەمان سیاسەت هەنگاوەکانی بەهێزترو خێراتر دەكات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP