سوهراب باڵندەی کۆچەر

کلتور
21:38 - 2022-05-15

سوهراب باڵندەی کۆچەر
خالد کاوێس قادر
نابێ بترسین لە مردن
مردن لەگەڵ هێشووە ترێدا دێتە ناو دەم
مردن بەرپرسی جوانی پەڕی شاباڵە
مردن زۆرجار رێحانە دەچنێ
زۆرجار لەسێبەر رۆنیشتوەو
لێمان دەنواڕێ
 
نەخۆشی بێبەزەییانە بوونی هەراساندەکرد، بەدەست کزی و لاوازییەوە دەیناڵاند، هاوڕێی دێرینی د. فیلسۆفی وایلێکرد بچێتە نەخۆشخانەی (پارس) دوای تاقیکردنەوەی ئەنجامەکەیان راگەیاند (شێرپەنجەی خوێن).
(پەری دوختی سپهری) خوشکە چکۆلانەی (سوهراب) لە دووتوێی کتێبێکی (١٦٨) لاپەڕەیی، بەنێوی (سوهراب باڵندەی کۆچەر) کەلە نزیکەوە لەگەڵ ئەم شاعیرە ژیاوە، تا دوا ساتەکانی ماڵئاوایی، چەند لایەنێکی ژیانیمان بۆ دەخوێنێتەوە، لەکاشان و نێو باخە گەورەکەی باپیرانی لە گەڕەکی (دەروازە عەتا) لەساڵی (١٣٠٧) ی هەتاوی سوهراب هاتوەتە دونیاوە، سێهەمین منداڵی خێزانەکەیان بووە، ئەم کتێبە لەوەرگێڕانی بەڕێز (نەوزاد محەمەد)ە.
ل (٢٣-٣٢) لەسەرەتای ژیانەوە خوشکی شاعیر باس لە بنەماڵەکەیان دەکات و پاشان باس لەو خانوو بەرەو باخە دەکات کە سوهرابی تێدا ژیاوە (ئەم باخە لەوانەیە نزیکەی (٢٠) هەزار مەتری چوارگۆشە ببوایە، خانوبەرەکەی لەنێوەندێ دروستکرابوو، باخەکەی دەکرد بە دوو لەتەوە گەوڕی ئەسپەکان لەبەشی خوارووی باخەکەدا لەژێر ئۆتاق ئابی بوو).
سوهراب دەنێو دەستەکەیدا هەرچەندە جەستەی لاوازو چکۆڵەتر بوو، بەڵامەکی لەهەمووان بزۆزتر بوو، حەزی لەیاری ژمناستیک بوو لەچاو تورکانێکدا دەیتوانی بەسەر ستونەکانی حەوزەکەو تەواوی درەختە بەرزەکانی باخەکەیاندا سەربکەوێ.
بەهاران لەکاشانێ بارانێکی زۆر دەباری، سوهراب ماوەیەکی زۆر بەپێی خاوسی لەژێر باران رادەوەستاو کراسەکەی لەپشت را هەڵدەکێشایە سەر سەری و خۆی قۆچ دەکردەوەو تەختی پشتی وەدەردەکەوت.
 
دەبێ لەژێر باران گەمە بکەین
لەژێر باران دەبێ شت بنووسین
قسە بکەین
نیلۆفەر بڕوێنین
ژیان مەلەکردنە لە حەوزێکی چکۆلەی
ئێستایە.
 
لەکتێبی (اتاق ابی) سوهراب دەگێڕێتەوە لە قوتابخانە سەرم هەڵنەدەبڕی، لەماڵێدا بزۆز، لە قوتابخانە دەترسام، لەماڵێدا دەمترساندن.
سوهراب هێدی هێدی قۆناغی منداڵی بەجێدەهێشت و یەکێ لە نەریتەکانی ئەو خێزانە کتێب خوێندنەوە بوو (بوونی کتێب ببوە پێویستییەک لەژیانماندا، سوهراب منداڵەکانی دی لە ڕۆژانی هاویندا چەندین سەعاتی دیاریکراو دەیانخوێندەوە) ل٦٩ .
سوهراب پاش تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی ڕوو لەتارانێ دەکات و لەپەیمانگا لەبەشی نیگار کێشان وەردەگیرێت، پاش تەواو کردنی خوێندنەوەیەکیش لە (ئیدارەی رۆشنبیری) لەکاشانێ دادەمەزرێت و هەموو کاتی دەستبەتاڵی بە شیعرو تابلۆکانیەوە بەسەر دەبات .
لەساڵی ١٣٣٦ بە (٢٦) لاپەڕە لەکاشانێ کتێبێکی (ئارامگاە عەشق) لەچاپدەدات .
نیگارەکانی ئەو زەمانەی بەزۆری کاریگەری سرووشتی پێوەدیار بوو، گشت ڕۆژێ لەساتێکی دیاریکراودا کە تاریک و روونی بەیان بوو سێپاکەی دەست دەدایەو دەچووە دەشتەکانی دەوروبەری ماڵێ و تابلۆی دەکێشا.
لەو سەردەمانەی کە شەپۆلی شیعری نوێ و رەوشی نوێ لەنیگارکێشان ئێرانی گرتبۆوە، سوهرابیش کەوتە ژێر کاریگەری ئەو لێشاوەو شەپۆلەوە لەگەڵ مەنۆچیهری شەیبانی و نیمای شاعیر دۆستایەتی پەیدا کرد.
سوهراب بەوەی مەیلی گۆشەگیری و خۆدورگرتنی لە بڵاوکراوەکان هەبوو، کەسانێک ئەمەیان لێدەکردە بنێشتەخۆشەی زاریان و دەنکە نیسکێکیان لێدەکردە گوێزێک، لە وەڵامی ئەوانەدا دەیگوت « ئەگەر بەرهەمێک بەرزو نەمر بێ، شوێنی خۆی دەکاتەوەو دەردەکەوێ و بە نەمری دەمێنێتەوە، ئەگەریش بێبایەخبوو ئەوا بەهەزاران دەهۆڵ و زوڕنا ناتوانرێ بگەیەنرێتە خەڵکی «
پاش ئەوەی سوهراب بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تارانی وەرگرت، لەساڵی (١٣٣٦) بواری بۆ ڕەخساو چووە پاریس و لەبەشی لێتۆگرافی (چاپی بەردین) خۆی ناونووس کردو سەردانی زۆربەی مۆزەخانەو گەلەرییەکانی ئەوروپای کرد، هەر لەم ساڵانەی ژیانیدا بەشدارییەکی بەرچاوی بوو لەپێشانگای جۆراوجۆردا، چ بەتەنیاو چ بە کۆمەڵ و چەندین میدالیای وەدەستهێنا.
هونەردۆستێکی لەساڵی (١٣٣٩هەتاوی) لەپێشانگایەکی تایبەتی ئەودا، سەرجەم تایلۆکانی کڕی و بەمجۆرە خەرجیەکانی ئامادەبوون بۆ سەفەری (ژاپۆن) ی دابین بوو، ماوەی ساڵێک لەو وڵاتە مایەوەو فێری هونەری هەڵکۆڵینی سەرداریش بوو.
لەساڵی (١٣٤٦) دا کتێبی (حەجم سەبز) ی لەچاپدا.
لەدوادواییەکانی ژیانیدا لە تاران ئەپارتمانێکی بچوکی لە (ئەلهیە) کڕی کە ئێستاکێ بۆتە گالەری سپەهری.
ل(١٣-١٣٨) بەسەرهاتی شیعری (دەنگی پێی ئاو) مان بۆ دەگێڕێتەوە (چینار) گوندێکی سەر رێگای نێوان کاشان و مەشهەدی ئاردەماڵ بوو، لەم گوندەدا باخێکی سەوزی پڕ لەدرەختی تێدا بوو، کەهی خوشکی گەورەی سوهراب بوو، سەرچاوەی ئاوی ئەم گوندە جۆگەیەک بوو، کە دەنێو باخەکەوە دەهات، جگە لەدەنگی پێی ئاو لەشەوانی مات و خەیاڵاویدا، لەم شوێنە وێڵکراوەدا، هیچ دەنگێکی دی نەدەگەیشتە گوێچکەی سوهراب.
کاتێ ئازارو ناڕەحەتی نەخۆشیەکەی زۆری بۆهێنا، بەدەستپێشخەری (پەری) و هاوسەرەکەی رێورەسمی سەفەری ئامادەکرا بۆ (لەندەن)وەزعی نارەحەتتر دەبوو، ڕۆژێکیان بە زاواکەی گوت « دەبێ ئەمن لە بیابانەکانی کاشانێ بمرم، نێوانیان خۆشبوو هەردووک یەکیان لەئامێز گرت و کەوتنە گریان.
مانگێ تەواو لەلەندەن لەژێر چارەسەریدا بوو، نیشانەی چاکبوونەوەی پێوە دیار نەبوو، ڕۆژ بەرۆژ لاوازترو رەنگی پەڕپوتتر دەهاتە بەرچاوان.
گەڕایەوە بۆ ئێران، بەماوەیەکی کورت دووبارە گوێزرایەوە نەخۆشخانەو ئیدی نەگەڕایەوە بۆ ماڵێ.
 
لقەکان سیس بوونە
بەردەکان خەماوین
رووبار دەناڵێ خەم رەنگی خۆرئاوای گرتووە
ئەتکێ لە لێوم چیرۆکی سارد
دڵم تەنگە بەکاتی ئەم خۆرئاوابوونە.
 
سەعات شەشی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکەمی مانگی ئەردەبێهشت لەساڵی ١٣٥٩(١٩٧٩ز) ڕۆحی سوهرابی شاعیر لەزیندانی سینەی رزگاری بوو، لەزیارەتگای مەشهەدی ئەردەهاڵ بەخاک سپێردراو لەسەر کێڵەکەی ئەم شیعرەی خۆی نەخشکراوە.
 
ئەگەر بەشوێن مندا دێن
هێدی و لەسەر خۆ وەرن، نەوەک درز بدا
چینی ناسکی تەنیایی من .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP