حەسەن غەریب : پێويسته‌ گۆرانيبێژان و ميوزيكژه‌نان مه‌قامه‌ سه‌ره‌كييه‌كان بزانن

کلتور
13:09 - 2022-05-17

حەسەن غەریب : هەموو گۆرانیبێژان و موزیكژەنەكان زۆر پێویستە مەقامە سەرەكییەكان بزانن
دیمانه‌ – محه‌مه‌د تاهیر
 
هونەرمەندی دەنگخۆش و سەلیقە جوان و رەسەن، حەسەن غەریب، ساڵانێكی زۆرە، بێ دابڕان خزمەتی هونەری كوردی دەكات و لەسەرئاستی كوردستان كەسێكی ناسراوەو ئاوازی بۆ زۆربەی هونەرمەند دیارەكانی كوردستان داناوەو بەلێهاتوویی و كارە بەپێزەكانی بووەتە خۆشەویستی هەوادارەكانی و هەمیشە هەنگاوی باشترو كاریگەرتری لەو پێناوەدا ناوە، حەسەن غەریب ناوێكی گەشی ئاسمانی هونەری كوردییەو كە باسی كەركوك دەكرێت، ئەو وەك سمبولێك لەهزرمان جێگیر دەبێت، هونەرمەندێكی زمان پاراوو هەست ناسك و شیرین ئاوازە، شارەزایی تەواوی لەبواری گۆرانی وتندا هەیەو بەشداری زۆربەی فێستیڤاڵ و ئاهەنگ و دیدارە تەلەفزیونییەكان كردووەو چەندین خەڵات و بڕوانامەی بەهۆی سەركەوتنەكانی پێبەخشراوە، گۆرانی بۆ گەورەیی كەركوك كوردستان و ئەوین و سروشت و جوانیی چڕیوە، سەرباری ئازارو خەمەكانی هەمیشە هەوڵی داوە خەمی هاوڕێ و دۆست و هەوادارەكانی كەم بكاتەوە، هەردەم هەنگاوی بۆ پێشەوە ناوەو كۆڵی نەداوە، ئەو كوڕی كەركوكەو لەئێستاشدا نیشەجێی ئەو شارەیەو جێی نەهێشتووە.
 
 
* حەسەن غەریب تا چەن هەست بەغەریبی هونەری كوردی دەكات؟
- زۆر هەست بە غەریبی دەكەم، لەناو هونەری كوردیدا گوێیەكانم ئاشنای میلۆدی بێگانەن زۆر بەداخەوە.
 
* ئاستی هونەری كوردی لەئێستادا چۆن دەبینیت؟
- ئاستی هونەری كوردی مامناوەندییە، هەندێك هونەرمەندی باشمان هەن هونەری كوردییان پاراستووە، هەندێكیشیان
بەڕاستی هونەری كوردییان شیواندووە.
 
* چیت هەیە بۆ كەركوك كە زێدی ڕەسەنی خۆتە ؟
- كەركوكم زۆرجار لاواندووە بە سۆزەوە، تا دەمرم سۆزم هەیە بۆی.
 
* لەوێستگەی هونەریتدا چیت دەستكەوتووە؟
 
- رێزو حورمەت و خۆشەویستی هەوادارانم، سەرمایەی منە.
* تا چەند مەقام بنەماو بناغەیە بۆ هونەرمەند تا سەركەوتووبێت؟
- هەموو گۆرانیبێژان و موزیكژەنەكان زۆر پێویستە هیچ نەزانن مەقامە سەرەكییەكان بزانن، بۆ بنەماو بناغەی ئاستی زانینی خۆیان، وەك ( بەیات ، حیجاز ، سەبا ، سێگا ، ڕاست ، نەهاوەند ، هەماوێن ، چوارگا ، پێنج گا ، دەشت ، كورد ، خورشیدیی ، ئەڵلاوەیسی ، قەتاروخاوكەر ، سۆزناك ، مسنەوی ، عوشیران ، خەنەبات ، مەنسوریی ،  دیوان و ) ، زۆری تریش، هیچ نەزانی حەوت بزانیت.
 
* جگە لەگۆرانی سەروسەودات لەگەڵ شیعرو ئاواز دانانیش هەیە چۆن ئەمانەت هەموو پێكەوە كۆ كردۆتەوە؟
 
- زۆر سوپاس بۆ خوای گەورە  كە ئەم بەهرەیەی پێبەخشیوم، وەك دەنگ و شیعر بەهرەیەكی ئیلاهییە، ئاوازدانانیش زیرەكی و لێزانینە.
 
* ئاخ بۆ لەدەستدانی كام هونەرمەند هەڵدەكێشیت؟
- هونەرمەندی پێشمەرگەو رۆشەنبیرو گەورەی كورد خوالێخۆشبوو مامۆستا (محەمەد جەزا عەلی).
 
* نیازت نییە گۆرانییە كۆنەكانت بەكوالێتی بەرزو سەردەمی نوێ بكەیتەوە؟
- زۆر حەزم لێیە تازەیان بكەمەوە   ئەگەر  هاوكاری بكرێم.
 
* لە ژیانی هونەریتدا چ شتێك ئازاری داوی؟
- كەسانێك زۆر بێ ئەمەكانە گۆرانییەكانم، یان مەقامەكانم بە ناشرینی و  سەقەتی دەڵێنەوە.
 
*  جگە لەكاری هونەری بەچی دیكەوە سەرقاڵیت؟
- ئێستا حاڵی حازر هیچ ناكەم بۆ خۆم شوكری خودا دەكەم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP