ئەمڕۆ شەممە ماوەی تۆماركردنی ناوی حزب و هاوپەیمانییەكان بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی داهاتووی عیراق كۆتایی دێت و بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش زیاتر لە 430 حزب داواكارییان پێشكەش كۆمسیۆن كردوەو لەو ژمارەیەش 231 حزبیان مۆڵەتیان پێدراوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رونیكردۆتەوە 85 حزبی نوێ بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردن لەكۆمسیۆن ناوی خۆیان تۆماركردوە، هەروەها بەبڕوای كۆمسیۆن 128 حزب كە بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن لەكۆمسیۆن خۆیان تۆماركردبوو رەتكراونەتەوەو 17 حزبیش داوای كشانەوەیان لەخۆتۆماركردن پێشكەشی كۆمسیۆن كردوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق پێشتر لە 9 تا 16ی كانونی دووەمی وەك دوا وادە بۆ تۆماركردنی حزب و لیست و قەوارە سیاسییەكانی بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیە پێشوەخەتەكەی 6ی حوزەیرانی ئەمساڵی عیراق دیاریكردبوو.
دوێنێش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بڵاوكرابوونەوە لە راگەیەنراوێكیدا ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەوادەی دیاریكراوی خۆیداو رەتیكردەوە پێشنیازی دواخستنی وادەكەی كردبێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP