رێكخراوی ئۆپیك رایگەیاند لە مانگی رابردوودا عیراق یەكێك بووە لەو وڵاتانەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی بەئاستێكی زۆر بەرزكردۆتەوەو لەو روەشەوە لەپاش لیبیا بە پلەی دووەم دێت.
ئۆپیك دوپاتیكردۆتەوە بڕی بەرهەمهێنراوی ئۆپیك لە مانگی كانونی یەكەمی رابردوودا كە 13 وڵات لەخۆی دەگرێت 25 ملیۆن و 362 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە بەوەش بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی 279 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە.
رونیشیكردۆتەوە لەو مانگەدا لیبیا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی 136 هەزار بەرمیل زیاد كردووەو گەیاندۆتیە ملیۆنێك و 224 هەزار بەرمیل و پاشانیش عیراق بە زیادكردنی 76 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ریزبەندی دووەمی گرتووەو ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی لە نەوت بۆ 3 ملیۆن و 848 هەزار بەرمیل بەرزكردۆتەوە.
ئیماراتیش كە یەكێكی ترە لە ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك لە ماوەی مانگی كانونی یەكەمی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی 63 هەزار بەرمیل بەرزكردۆتەوەو بەوەش بۆتە سێیەم وڵاتی ناو رێكخراوەكە كە لەو مانگەدا زۆرترین زیادكردنیان بۆ بڕی بەرهەمهێنانی نەوت هەبێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP