300 ملیۆن دۆلار پێشكه‌ش به‌ جۆنی دیب ده‌كرێت تا رۆڵی جاك سپارۆ ببینێته‌وه‌

کلتور
15:15 - 2022-06-29


بە پێی هه‌ندێ‌ له‌ راپۆرته‌ رۆژنامەوانییەكان، (جۆنی دیپ) ئەكتەری به‌ناوبانگی ئەمریكی به‌شداریی لە به‌شى شەشەمی فیلمی "چەتەكانی دەریای كاریبی" دا ده‌كات، كه‌ دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا له‌لایه‌ن (ئه‌مبر هێرد)ی هاوسه‌رییه‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا به‌ توندوتیژیی خێزانیی له‌ به‌شداریكردن له‌و فیلمه‌ ده‌ركرابوو. 

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە ٢٧ی حوزەیرانی ئه‌مساڵدا بڵاویکردەوە کە رەنگە دیپ وەک بەشێک لە گرێبەستێکی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری لە فیلمە نوێیەکەدا نمایش بكات.

دیپ لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی پاڵه‌وانی لەو پێنج فیلمەی کە زنجیرەکە پێکدەهێنن گێڕاوە، پێشبینیش ده‌كرا كه‌ رۆڵ بینینی لە ساڵی ٢٠١٧ لە فیلمی پێنجەمدا بە ناوی "پیاوه‌ مردووەکان چیرۆكه‌كان ناگێڕنەوە" دوایین رۆڵگێڕانی بێت، بەڵام "سەرکەوتن"ی لە دادگاییکردنی كه‌یسی ناوزڕاندنه‌كه‌ لە دژی (هێرد) جارێكی دیكه‌ یارییه‌كه‌ی قڵپ كرده‌وه‌.
 
باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ کۆمپانیای (دیزنی) كه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری زنجیره‌ فیلمه‌كه‌یه‌، 301 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە دیپ کردبێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی جاک سپارۆ لە به‌شی شه‌شه‌می فیلمه‌كه‌دا دووبارە بکاتەوە. 

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دیزنی ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکە "بەڕاستی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ جۆنی دیپ باشتر بکات و هیواداريشە ئەو ئەکتەرە لێیخۆش بێت و بگەڕێتەوە بۆ رۆڵبینینی کارەکتەرەکەی".

پێشتر (دیپ) له‌ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا لە کاتی دادگاییکردنەکیدا كه‌ پرسیاری کردبو، "ئەگەر دیزنی ٣٠٠ ملیۆن دۆلارت بۆ بهێنێت، ئایا دەگەڕێیتەوە و لەگەڵیدا کار دەکەیت لە فیلمی چەتەی دەریای کاریبی؟" دیب زۆر به‌ توندی ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.  

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP