به‌غداد ـ له‌ هه‌ردوو تەقینەوەكەی گۆڕەپانی تەیەران زیاتر له‌ 30 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا

عێراق
14:54 - 2021-01-21

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكەی گۆڕەپانی تەیەرانی شاری بەغدای ئاشكراكرد.

وەزارەتی تەندروستی عێراق  لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، لەتەقینەوەكەی بەغدا 32 كەس گیانیان لەدەستداو 110ی دیكەیش برینداربوون.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو تەقینەوەی خۆكوژی لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا روویاندا.  بەهۆیەوە 32 كەس كوژراون و 110 كەسی دیكەش برینداربوون.

دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە تویتێكدا تەقینەوەكانی ئەمڕۆی بەغدای بە "تیرۆرستی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئامانجی تەقینەوەكان "لێدانە لە دەستكەوتە نیشتمانییەكان".
 
بەرهەم ساڵح لە تویتەكەیدا ئاماژەی بەوە دا: "ئێمە بەتووندی بەرامبەر ئەو هەوڵانە دەسوەستینەوە كە دەیانەوێت نائارامی لە وڵاتدا دروستبكەن"، هەروەها دەشڵێت: "داوا لە خودا دەكەم قوربانییەكان بخاتە بەردەم میهرەبانی خۆی و،شیفای بریندارەكان بدات".

یەكێك لەو كەسانەی لەنێو تەقینەوەكەی بەغدا كوژراوە، كوردێكە بەناوی (غازی حازم). كە  بۆ فرۆشتنی هەنگوین چووبووە بازاڕەكە، بەڵام بەهۆی تەقینەوەكە گیانی لەدەستداوە.

هاوكات باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا لەبەیاننامەیەكیدا ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمرۆی گۆڕەپانی تەیەرانی شاری بەغدای كرد و داوای لێكۆڵینەوە دەكات لە حكومەتی عێراقی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP