عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، لەبارەی تەقینەوە خۆكوژییەكانی ئەمڕۆی بەغدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای لە هێزە ئەمنیەكان كرد، هەوڵ و كۆششەكانیان چڕبكەنەوە و كاری زیاتر بكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و پوچەڵكردنەوەی پیلانی دوژمنان.
لەپەیامێكدا عەلی سیستانی، نیگەرانی خۆی لە تەقینەوەكانی بەغدا دەربڕی و رایگەیاند، جارێكی تر تیرۆریستە دڕندەكان لەرێگەی دو تەقینەوەوە لە گۆڕەپانی تەیەران، كۆبونەوەیەكی هاوڵاتیانی بێتاوانیان كردە ئامانج، بەوهۆیەشەوە لەدیمەنێكی ترسناكدا كە بەویژدانێكی زیندوەوە ئازاری هەمو كەسێك دەدات دەیان كەس شەهید و برینداربون.
عەلی سیستانی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیەكان كردو و هیوای زوو چاكبونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست، داواشی لە هێزە ئەمنیەكان كرد، هەوڵ و كۆششەكانیان چڕبكەنەوە و كاری زیاتر بكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و پوچەڵكردنەوەی پیلانی دوژمنان كە بەرامبەر هاوڵاتیانی بێتاوان ئەنجامیدەدەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP