عیراق.. حه‌شدی شه‌عبی حاڵه‌تی ئاماده‌باشی له‌ نێو هێزه‌كانی راده‌گه‌یه‌نێت

عێراق
16:59 - 2021-01-24

دوای‌ په‌لاماره‌كانی رۆژانی‌ رابردووی‌ تیرۆریستانی‌ داعش، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ سێ‌ پارێزگای‌ عیراق هێزه‌كانی‌ ده‌خاته‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاژانسه‌كانی عیراقی له‌ زاری عه‌لی‌ ئه‌لحسه‌ینی‌ لێپرسراوی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ میحوه‌ری‌ باكووری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بڵاویانكرده‌وه‌ په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی شه‌ممه‌ بۆ سه‌ر حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ عه‌یسی خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین و په‌لاماره‌كانی هه‌فته‌كانی‌ رابردووش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و تاقمه‌ له‌ رووی‌ چه‌كه‌وه‌ هاوكاری‌ ده‌ره‌كی‌ ده‌كرێت.
ئه‌و لێپرسراوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی رونیكردۆته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ یه‌كه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ پارێزگاكانی‌ دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌.
وتیشی له‌ ئێستادا پیلانێك له‌ دژی‌ ئاسایشی‌ عیراق هه‌یه‌ و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ به‌رپرسیارێتی‌ نیشتمانی‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ په‌لاماری تیرۆریستانی‌ داعش ده‌پارێزێت.
شه‌وی رابردوو تیرۆریستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاڵێكی ئه‌منی لیوای 22ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه‌ی عه‌یس له‌ سنووری حه‌مرین و به‌هۆیه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی فه‌وجی 3ی لیوای 22ی حه‌شدی شه‌عبی و 11 چه‌كداری حه‌شد كوژران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP