پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی وەرگرتنەوەی متمانە لە دوو وەزیر دەکات

عێراق
08:52 - 2021-01-25

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی نەوت و لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی راسپارد بۆ پێکەوە میوانداریکردنی ماجید حەنتووش، وەزیری کارەبا و ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە خراپی رەوشی کارەبا.

نووسینگەی راگەیاندنی حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "بەهۆی زۆر خراپبوونی پێدانی تەزووی کارەبا لە بەغدا و هەموو پارێزگاکان، حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، یەکشەممە 24/1/2021، لیژنەی نەوت و وزە و لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی لە پەرلەمان راسپارد، خێرا پێکەوە میوانداری وەزیرانی کارەبا و نەوتی عێراق بکەن، بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی خراپبوونی پێدانی کارەبا لە عێراق، لەگەڵ دۆزینەوەی چارە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونی هاوردەی گاز لە ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ ئەو وێستگانە لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ، حەسەن کەعبی، هەڕەشەی گرتنەبەری رێکار بەرامبەر ئەو دوو وەزیرە کردووە و رایگەیاندووە:  "ئەگەر بەمزووانە دۆخی تەزووی کارەبا باش نەکرێت، دەست بە رێکارەکانی پرساندنی وەزیرانی کارەبا و نەوتی عێراق دەکەین بۆ کتوپڕ لێسەندنەوەی متمانە لێیان".

پێشتر ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئێران پێشتر بڕی گازی هەناردەکراوی بۆ عێراق، کە پێویستە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا، لە 50 ملیۆن مەترسێجاوە بۆ 5 ملیۆن مەترسێجا کەمکردەوە، دواجاریش بۆ 3 ملیۆن مەترسێجا کەمیکردەوە، ئەو کەمکردنەوەش بووە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 6500 مێگاوات کارەبا، ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر کاتەکانی پێدانی تەزووی کارەبا بە هاووڵاتیان".

ئێران پێشتر رایگەیاند بوو بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ عێراق بەهۆی دواکەوتنی عێراقە لە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەو کارەبایە کە لە ئێرانی دەکڕێت و بڕەکەی 6 ملیار دۆلارە. 

هەفتەی رابردوو لیژنەی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق لە ساڵی 2005 وە تاوەکو 2019، کە حەسەن کەعبی  سەرۆکایەتی دەکات،  رایگەیاند: "تێکڕای خەرجی راستەقینەی وەزارەتی کارەبای عێراق لە ساڵی 2005 وە تاوەکو 2019 دەگاتە 81 ملیار دۆلار"، بەڵام ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، دەڵێ: "سەرەڕای ئەوە، عێراق ئێستا پێویستی بە 27 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام لووتکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دەگاتە 19 هەزار و 200 مێگاوات".

ئەمە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری کردووە بۆ پێدانی گاز بە حکومەتی عێراق، بەڵام حکومەتی عێراق تائێستا بەدەم ئەو دەستپێشخەرییەوە نەهاتووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP