د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئەیلولی 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە حافز ئەلئەختام، وەزیری دادی جەزائیر و نوێنەری تایبەتی عەبدولمەجید تەببۆن سەرۆکی جەزائیر.
لە سەرەتای دیدارەکەدا وەزیری دادی جەزائیر سڵاو و رێزی عەبدولمەجید تەببۆن، سەرۆکی جەزائیری گەیاندە سەرۆک بەرهەم، هەروەها بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی پێشکەش بە سەرۆک بەرهەم کرد کە بڕیارە تشرینی دووەمی داهاتوودا لە جەزائیر رێکبخرێت، هاوکات سەرۆک بەرهەم لە رێگەی وەزیری دادی جەزائیر سڵاو و رێزی خۆی ئاڕاستەی عەبدولمەجید تەببۆن، سەرۆکی جەزائیر کرد و بانگهێشتنامەکەشی قبوڵکرد بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی و پشتیوانی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی لوتکەکە، چونکە گۆنگرەیەکی گرنگە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و پتەوکردنی کارکردنی هاوبەشی عەرەبی.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی کارکردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکان و هەماهەنگی هاوبەش لەپێناو هێنانەئاراوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هەروەها باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کرا و جەختکرایەوە لە پێویستی هەماهەنگی هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و کۆتای هێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP