ئاسۆ مامەند: پێويسته‌ گرینگی زیاتر بە سەندیکاو ناوەندە هونەری و میللییەکان بدرێت

کوردستان
13:44 - 2022-09-20

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠-٩-٢٠٢٢ ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی (ی.ن.ک) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک پێشوازیی لە نوێنەرانی بەشێک لە سەندیکاو ناوەند و تیپە میللی و هونەرییەکانی شاری کەرکوک کرد.

لە دانشتنێکدا کە عەبدوڵڵا میروەیس لێپرسراوی ناوەندی رێکخراوە دیمۆکراتییەکانی کەرکوک ئامادەی بوو، ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی تەئکیدی کردەوە؛ بەرنامەی یەکێتیی ئەوەیە پاڵپشت و پشتیوانی سەندیکا و رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان بێت، بە ئامانجی خزمەتکردنی بواری هونەری و کولتووری کەرکوک.

وتیشی؛ پێویستە زیاتر گرینگی بە سەندیکاو ناوەند و تیپە هونەری و میللییەکان بدرێت، لەو رووەوە ناوەندی رێکخراوە دیمۆکراتییەکانی راسپارد، وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانیان بێت، چونکە هونەر بەشێکی دانەبڕاوە لە کولتوور و کەلەپوری گەلان. هەڤاڵ ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی (ی.ن.ک) هانی سەندیکاو ناوەند و تیپە هەونەری و میللییەکانی كەرکوکشیدا کە چالاکییەکانیان فراوان تر بکەنەوە و بەشداری لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشدا بکەن.

لە بەرامبەردا نوێنەرانی سەندیکا و ناوەندە میللی و هونەرییەکانی شاری کەرکوک، سوپاسگوزاری هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی یەکێتیی و ئاسۆ مامەند بوون لە پای پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان بۆ سەندیکا و ناوەندە هونەری و میللییەکانی پارێزگاکە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP