ئاسۆ مامەند: پێویستە سیاسەتێكی گشتگیری كوردستانی لە ناوچە دابڕاوەكان رەچاو بكرێت

کوردستان
13:45 - 2022-09-22

هەماهەنگی مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەناوچە دابڕاوەكانی كوردستان لەگەڵ یەكتری ولەگەڵ دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی  كوردستان و حكومەتی ئیتحادی بە پێویست زانرا
لەكۆبونەوەیەكدا ئەمرۆ 22/9 بەسەرپەرشتی ئاسۆ مامەند كارگێری مەكتەبی سیاسی و بە ئامادەبوونی لێپرسراوی مەڵبەندەكانی ناوچە دابراوەكان لە (شەنگاڵ و كەركوك و دووزخورماتوو و مەخمور و خانەقین) و سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گفتوگۆ لەسەر یەكخستی توانا و هەڵوێستەكانی یەكێتیی و هێزە سیاسیەكانی كوردستان كرا بۆ داكۆكیكردن لەویست و داخوازییەكانی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان لەڕووی ژیان و خزمەتگوزارییەوە، چ لەلایەن حكومەتی ئیتحادی و چ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
ئاسۆ مامەند رایگەیاند، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان خەلك و خاكی ئەم ناوچانە بە بەشێك لەستراتیژی دوور مەودای خۆی دەزانێت و لەبەر رۆشنایی سیاسەتی راست و دروستی سەرۆك مام جەلال بۆ پێكەوەژیان و خزمەتكردنی میللەتەكەمان لەو ناوچانە  بەهەموو شێوەیەك داكۆكی لێدەكات و وتیشی :پێویستە وەك یەكێتیی سیاسەتێكی گشتگیری كوردستانی لەسەرجەم ناوچە دابڕاوەكان رەچاو بكرێت و پێكەوە داكۆكی لێبكەین و بیكەینە بەشێكی دانەبڕاو لەسیاسەتی هەموو لایەنە كوردستانیەكان، بەتایبەتی یەكێتیی لەهەموو ئەو ناوچانە نوێنەری لەپەرلەمانی عێراق هەیە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر گەڵالەكردنی پرۆژەیەكی پێویست بۆ ناوچە دابڕاوەكان كرا و مەكتەبی راگەیاندن و كەناڵەكانی راگەیاندنی یەكێتیی راسپێردرا بایەخی زیاتر بەو ناوچانە بدرێت  لەڕووی كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكانی كومەڵانی خەڵك.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP