ده‌ستدرێژی سێكسی بۆسه‌ر منداڵ و نیشانه‌كان و رێكاره‌كان

کلتور
08:51 - 2022-10-01

زۆرێك له‌ دایكان و باوكان پێیان وایه‌ ده‌بێت منداڵه‌كانیان له‌ كه‌سانی نامۆ  و نه‌ناسراو بپارێزن، زۆرجار گوێمان له‌ هۆشداری دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌سانی نامۆ نزیك نه‌بنه‌وه‌ و قسه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵام به‌پێی ئامارێك كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوی  راین
( RAINN )ی ئه‌مریكی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌حاڵه‌ته‌كانی گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژی سێكسی، ده‌ركه‌وتووه‌ 7%ی گێچه‌ڵكاران كه‌سانی نامۆ ونه‌ناسراون واته‌ بێگانه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا  59% یان ناسیار و هاوڕێن و 34% ێشیان ئه‌ندامانی خێزانن، بۆیه‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی گێچه‌ڵكردن    كه‌سێك  ئه‌نجامی ده‌دات كه‌ له‌لایه‌ن منداڵه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، وه‌ك دراوسێ و هاوڕێی دایك و باوك یان به‌خێوكه‌ر و منداڵی دیكه‌ی هاوته‌مه‌ن یان گه‌وره‌تر.
نیشانه‌كانی گێچه‌ڵی سێكسی منداڵ چین؟
منداڵ ئه‌گه‌ر گێچه‌ڵی پێبكرێت یان ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ری چه‌ند نیشانه‌یه‌كی تێدا ده‌رده‌كه‌ون بۆیه‌ ده‌بێت له‌نزیكه‌وه‌ گرنگی به‌منداڵه‌كه‌ت بده‌یت و به‌دواداچوون بۆ هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك بكه‌یت له‌ڕه‌فتاره‌كانیدا به‌ده‌رده‌كه‌ون.

 

بۆئه‌وه‌ی دڵنیا بیت كه‌ئه‌م گۆڕانكارییه‌ ئاساییه‌ یان نا بۆیه‌ پێویسته‌  گرنگی به‌م خاڵانه‌بده‌یت:
1-گۆڕانكاری له‌ناكاو و توند له‌ره‌فتاره‌كانیدا، و بوونی دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام  و كاردانه‌وه‌ی شه‌ڕانگێزانه‌ .
2- له‌كاتی به‌ركه‌وتنی جه‌سته‌ی به‌ هه‌ركه‌سێك ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكی نائارامه‌وه‌ و تووشی شه‌ڵه‌ژان و ناره‌حه‌تییه‌كی زۆرده‌بێت  .
3- هه‌ستكردن به‌ ترس و نیگه‌رانی به‌رده‌وام، هه‌روه‌ها توشبوون به‌ خه‌مۆكی و هه‌ستكردن به‌نائومێدی.
4-هه‌ندێ‌ جار هه‌وڵده‌دات هێرشبكاته‌  سه‌ر كه‌سانی تر و ئازاریان پێبگه‌یه‌نێت.   
5-تێكچوونی كاته‌كانی نووستن  و ژه‌مه‌كانی نانخواردن؛ زۆرجار له‌شه‌واندا تووشی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆرده‌بێت و خه‌ونی قورس و ناخۆش ده‌بێت .
6-خۆبه‌دوورگرتن له‌ كه‌سێكی دیاریكراو یان شوێنێك، یان هه‌ندێ‌ جار ئاماده‌نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی سه‌ردانی ماڵی خزمێك یان هاوڕێیه‌كی دیاریكراو بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی ڕوونبكاته‌وه‌  
7-ره‌فتاركردن به‌ شێوه‌یه‌كی سێكسی یان به‌كارهێنانی وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی سێكسی ئه‌وتۆ كه‌ بۆ ته‌مه‌نه‌كه‌ی گونجاونییه‌.
8-بوونی شوێنه‌واری لێدان یان سووتان و ڕووشان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی به‌بێ رووداوێكی دیار و ئاشكرا.
ده‌ركه‌وتنی ناڕێك و بێباكانه‌.

منداڵ كاتێك گێچه‌ڵی پێده‌كرێت ئایه‌ بۆچی  ده‌یشارێته‌وه‌ و به‌دایك و باوكی ناڵێت؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕده‌بێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: گێچه‌ڵكار  قه‌ناعه‌ت به‌ منداڵه‌كه‌ ده‌كات كه‌ دایك و باوكی توڕه‌ ده‌بن ئه‌گه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ بزانن.   به‌مه‌یش   هزر و بیری منداڵه‌كه‌ تووشی شه‌ڵه‌ژان ده‌بێت  و راست وهه‌ڵه‌ی لێ تێكه‌ڵاوده‌بێت.  
دووه‌م : هه‌ندێ‌ جار گێچه‌ڵكاره‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ منداڵه‌كه‌ ده‌كات   ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌و باره‌یه‌وه‌ بزانێت ئه‌وا  زیان به‌ ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت.
سێهه‌م :  هه‌ندێ‌ كات ، ده‌ستدرێژیكار  منداڵه‌كه‌  قایل ده‌كات    كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نێوانیاندا ڕوویداوه‌ یارییه‌كی  ئاسایی بووه‌  یان نهێنیه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ خۆیانه‌.
چواره‌م : هه‌ندێ‌ جاریش منداڵه‌كه‌  پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌  هه‌ڵه‌ی خۆی بووه‌ بۆیه‌ ئه‌ترسێت ئاشكرابێت و سزا بدرێت.
چه‌ند رێكارێك بۆ رێگریكردن له‌ده‌ستدرێژی  بۆسه‌ر منداڵان
یه‌كه‌م : سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌بزانرێت كه‌ شێوازی په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ منداڵان به‌پێی ته‌مه‌نیان ده‌گۆڕێت، بۆیه‌  زاراوه‌ی جیاواز و ڕوونكردنه‌وه‌ی جیاواز به‌كارده‌هێنین بۆ منداڵان له‌ ته‌مه‌نی ٤ یان ١٠ ساڵیدا؛ هه‌ر ته‌مه‌نێك ئاستێكی ده‌روونی دیاریكراوی هه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ شته‌كان، به‌گشتی ئه‌وه‌ی منداڵ ده‌بێت بزانێت ئه‌وه‌یه‌: ئاشنابكرێت به‌ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی، ته‌نانه‌ت شوێنه‌هه‌ستیاره‌كانیشی پێویسته‌  ناوه‌كانیان بزانێت ،و فێربكرێت كه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ به‌شێكن له‌جه‌سته‌ی و كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ده‌ستی بۆبه‌رێت .
دووه‌م :ده‌بێت منداڵ فێربكرێت له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی  ده‌ست بۆ ئه‌ندامه‌كانی له‌شی نه‌بات. 
سێهه‌م:منداڵ رابهێنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك  زۆری لێكرد  بۆ  ئه‌نجامدانی كارێك ئه‌وا به‌ده‌نگی به‌رز بڵێت ((نه‌خێر ))و به‌زووترین كات هه‌ڵبێت و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ شوێنێكی قه‌ره‌باڵغ .
چواره‌م:ئه‌بێ‌ منداڵ رابهێنرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ر كه‌سێك ویستی یاساكان بشكێنێت و گێچه‌ڵی پێبكات ئه‌وا نه‌ترسێت و به‌ زووترین كات دایك وباوكی لێ‌ ئاگه‌داربكاته‌وه‌.
پێنجه‌م :پێویسته‌ دایك وباوك  له‌حاڵه‌تی وادا  هه‌رگیز سه‌رزه‌نشتی منداڵه‌كه‌یان نه‌كه‌ن ،چونكه‌ هه‌ر سه‌رزه‌نشتكردنێك  واده‌كات منداڵه‌كه‌  دۆخه‌كه‌ به‌نهێنی بهێڵیته‌وه‌ .


ئا/كاردۆ محه‌مه‌د

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP