په‌رله‌مانی عیراق حكومه‌ت پابه‌ند ده‌كات خه‌رجكردنی پاره‌ی جوتیاران بخاته‌ پێش هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌

عێراق
15:12 - 2021-01-27

محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق داوای له‌ لیژنه‌ی دارایی كردوه‌، بڕگه‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا جێگیر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پابه‌ند بكات، به‌زوویی شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیاران خه‌رج بكات.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكراشی كردوه‌ حه‌لبوسی لیژنه‌ی دارایی ڕاسپاردوه‌ بڕگه‌یه‌ك له‌نێو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا جێگیر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی دارایی پابه‌ند بكات، كه‌ پێش خه‌رجكردنی هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی عیراق خه‌رج بكات.
وه‌ك له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ڕابردووی په‌رله‌مانی عیراقدا وتویه‌تی، جووتیاران توێژێكی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ن‌و ئێستاش گرفتیان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وان یه‌ك وه‌رزی ته‌واو ده‌چێنن، پاشان به‌رهه‌مه‌كانیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌‌و ته‌سلیمی ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای دواكه‌وتنی شایسته‌ داراییه‌كانیان، له‌ وه‌رزی رابردوودا كورتهێنان هه‌بووه‌‌و پاره‌كانیان بۆ خه‌رج نه‌كراوه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی عیراق‌و هه‌رێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2020 خه‌رج نه‌كردوه‌، 557 ملیار دیناری جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانیش قه‌رزداره‌، كه‌ له‌ساڵانی 2014‌و 2015‌و 2016دا گه‌نمیان ته‌سلیمی سایلۆكان كردوه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP