بەغدا _ سه‌رۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا کۆبووەوە

عێراق
23:05 - 2022-11-18

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان تاوتوێکران و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە، سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا. جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای مەشق و راهێنانی نوێ و پێکهێنانی هێزێکی پێشکەوتووی تۆکمە کرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناو هێزی پێشمەرگە و سەرخستنی ئەو هەنگاوە نیشتمانییە کرد و رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا چەند لیوا و یەکەیەکی سەربازی لە مەشقی چڕ و بەردەوامدان. داواشی لە هێزەکانی هاوپەیمانان کرد لە هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامبن لەپێناو زیاتر بەرەوپێشچوونی توانا سەربازی و تەکنیکییەکانی هێزەکە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا میکانیزمی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانان گفتوگۆی لەبارەوەکرا و داواکرا هەموولایەک هاوکاری یەکتربن بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە وڵاتدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP