جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان راگه‌یێندراوێك بۆ رای گشتیی بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان
15:51 - 2022-11-26

 
بژار حەکیم جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان له‌ راگەیێندراوێکدا سه‌باره‌ت به‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه‌ لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان كه‌ ئه‌مڕۆ 26ی 11 ی 2022 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌ته‌ ده‌نگ و ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ كردوه‌، " زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی زمانێکی تووندو تۆمەتبەخشە"

راشیگه‌یاندوه‌:" ئێمە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لیژنەی داکۆکی، زمانێکە پڕیەتی لە رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حیزبی لەنێو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان"

ده‌قی راگه‌یێندراوه‌كه‌:
  
راگەیێندراوێک لەلایەن جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان

بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی

ئەمڕۆ شەممە رێککەوتی ٢٦ی ١١ـی ٢٠٢٢ لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، کە ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەکە لەسەر ئاسایشی سلێمانی زمانێکی تووندو تۆمەتبەخشە.

ئێمە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی لیژنەی داکۆکی، زمانێکە پڕیەتی لە رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حیزبی لەنێو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.

ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داکۆکی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، کە لە هەولێر و دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناکرێت.

بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێکی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا نییەو ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەکەینەوە.

بژار حەکیم
جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان
هەولێر

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP