قوباد تاڵەبانی جەخت لە گرنگیی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەهەرێمی کوردستان ده‌كاته‌وه‌

کوردستان
17:55 - 2023-01-22


قوباد تاڵەبانی، لەکۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێکی هاوبەشی فەڕەنسی- ئەڵمانی، جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەهەرێمی کوردستان  کردەوە، وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوەین رێککەوتن هەبێت لەسەر کۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ ٢٢-١ لەهەولێر پێشوازی کرد لە ئیریك شۆڤالیێ، باڵیۆزی فەرەنسا و مارتین یێگه‌ر، ‏باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا لە عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵی گشتی هەردوو وڵاتەکەو دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا و فەڕەنسا کردو، هەروەها دواپێشهاتە سیاسییەکان گفتۆگۆویان لەبارەوە کرا.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرفتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی قۆناغی داهاتوو بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە کردو جەختی کردەوە؛ دەبێت کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەر بکرێن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقیش، قوباد تاڵەبانی وتی: تێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکان لەگەڵ حکومەتەکەی بەڕێز سودانی و چاوەڕێین ئەمە لەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣ رەنگدانەوەی هەبێت کە ئەوەش کێشەیەکی سەرەکییە لەنێوان هەردوو حکومەتدا. جەختیشی کردەوە کە؛ ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد کۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن.

 پرسی ووزە و نەوت و غاز بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، کەتێیدا جێگری سەرۆک وەزیران وتی: ئەم پرسە نیشتمانییە و دەبێت سازانی لەسەر بێت تا سامان و داهاتی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک بەکار بێت.

سەبارەت بەهەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە هەرێمی کوردستان کردەوە بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی لایەنە سیاسییەکان و ماف و پێگەی هەموو پێکهاتەکان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP