كۆباس: لایه‌نێك رێگه‌ لە دەنگە ئازادەكانی نێو میدیا ده‌گرێت

کوردستان
14:39 - 2023-02-06



دامەزراوەی میدیایی كۆباس لەبارەی داخستنی پەیجی رەسمیان لە فەیسبوك لە بانگەوازێكدا رایگەیاند: "پەڕەكەمان لە فەیسبووك زەوتكراوە و رووبەڕووی هێرش بووینەتەوە، ئەم كارە جگە لەوەی بەرتەسككردنەوە و بێدەنگكردنی ئازادیی رادەڕبڕین لە هەرێمی كوردستان، هەوڵێكی مەترسیداریشە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دامەزراوە میدیاییەكان و ھێرشەكە لە ناوخۆی كوردستانەوە پلانی بۆ دانراوە و پێشمانوایە، لایەنێكی دیاریكراو لەپشتی ئەم كارەوەیە".

دەقی بانگەوازەكەی دامەزراوەی میدیایی كۆباس:

بانگەوازێكی كراوە بۆ بەڕێزان،

- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
- سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
- سەرۆكایەتیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
- ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان
- نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە هەرێم و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە عێراق
- بەشی ئازادی رادەربڕین لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەتایبەتی بەشی ئازادی رادەربڕین لە رێكخراوی یونسكۆ.
- سەرجەم ھێزە ئەمنییەكان
- سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان 
- كۆمیتەی جیهانیی بەرگریی كردن لە رۆژنامەنووسان (CPJ)
- نوێنەرایەتی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە عێراق
- رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور
- سەرجەم ڕۆژنامەنووسان
- ڕای گشتی

ئێمە وەك دامەزراوەی میدیایی كۆباس كە دامەزراوەیەكی میدیایی كارا و سەربەخۆین و لەڕێگەی رەچاوكرنی پرەنسیپەكانی رۆژنامەوانیەوە كاری خۆمان دەكەین، ماوەیەك لەمەوبەر رووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی بووینەوە، پاش چەندین هەوڵ بۆ سڕینەوەی پەڕەكەمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، سەرەئەنجام رۆژی 4ی شوبات بەتەواوەتی پەڕەكەمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك سڕدرایەوە. 

پاش بەدواداچوون بۆمان دەركەوت، وردەكاری بابەتەكە بەشێوەیەكە، باندێكی ئەلیكترۆنی سەرچاوە نادیار هەستاون بە كڕینی پەڕەیەكی عەرەبی نادیار بەرامبەر بە بڕە پارەیەكی زۆر، دواتر ناوی میدیاكەی ئێمەیان بەكارهێناوە و ناوی پەڕەی فەرمی كۆباسیان لێناوە، پاشان لەڕێگەی ناردنی زانیای و بەڵگەی ساختەوە بۆ كۆمپانیای مێتا ( فەیسبووك) پەڕەكەیان بە فەرمی ناردووە و پەڕەكەی ئێمەشیان بە ساختە لەقەڵەمداوە و سڕیویانەتەوە.

ئێمە لێرە، بەڕاشكاوی رایدەگەیەنین؛ بە گومانین لەم كارە و بەپێی بەدواداچوونەكانیشمان، ھێرشەكە لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستانەوە پلانی بۆ دانراوە و كراوەتە سەر پەڕەكەمان. پێشمانوایە، لایەنێكی دیاریكراو لەپشتی ئەم كارەوەیە.

بە بڕوای ئێمە، ئەم كارە جگە لەوەی بەرتەسككردنەوە و بێدەنگكردنی ئازادیی ڕادەربڕینە لە هەرێمی كوردستان، هەوڵێكی مەترسیداریشە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دامەزراوە میدیاییەكان، چونكە خەرجكردنی پارەیەكی زۆر لەم پڕۆسەیەدا لە توانای كەسانی ئاساییدا نییە، دەشێت دامەزراوەی گەورە لەپشتی كارەكەوە بێت. ئەمەش وادەكات هیچ دامەزراوەیەكی میدیایی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو نەبێت. هەركاتێك بە دڵی لایەنێكی دیاریكراو قسەی نەكرد بكەوێتە بەر هێرشی ئەلیكترۆنی و هەڕەشەی سڕینەوەی هەژمار و پەڕەكانی لە پلاتفۆڕمەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

دەمانەوێت ئاماژە بەوەشبكەین، ئێمە تاكە میدیا نین كە كەوتووینەتە بەر ئەم هێرشە، بەڵكو ماوەی زیاتر لە مانگێكە چەندین دامەزراوەی میدیایی تر كە زۆرینەیان نووسینگەی سەرەكییان لەشاری سلێمانییە كەوتوونەتە بەر ئەم هێرشە، كە ئەمەش هەڕەشەیەكی روون و نیشانەیەكی مەترسیدارە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و رێگەگرتن لە دەنگە ئازادەكانی نێو میدیا.

ئەمانەوێت ئەم بانگەوازە بكەینە دەرفەتێكیش بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەین، سڕینەوەی پەڕەكەمان تاكە كار نییە كە بەرامبەرمان كراوە، بەڵكو لە رابردوودا، لەكاتی رووماڵكردنیشدا چەندین جار لە شارەكانی هەولێر، دهۆك، ئیدارەی سۆران و ئیدارەی زاخۆ رێگری لە تیمەكانمان كراوە. وەك خۆشتان ئاگادارن ئێمە تاكە دامەزراوە نین كە تووشی ئەم حاڵەتانە دەبین و لە راپۆرتەكانی ساڵانەی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەوانی و رەوشی رۆژنامەوانی زۆر بە روونی زانیارییەكان بەڵگە كراون.

لەكۆتایدا دەمانەوێت بڵێین، دامەزراوەی میدیایی كۆباس، لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بە شێوازێكی پڕۆفیشناڵانە كار دەكات و لەم ماوەیەشدا جگە لە رێگرییە بەردەوامەكانی كە ئاماژەمان پێدا، چەندین جاری دیكە تیمەكەمان رووبەڕووی ھێرش و هەڕەشەی كوشتن و رفاندن بوونەتەوە، ئێستاش ئەم شێوازە بۆ بێدەنگكردنمان بەكاردەهێندرێت. ھەر بۆیە داواكارین، لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و نوێنەرایەتی وڵاتان، رێكخراوەكان و سەندیكاكان، لەسەر ئەم هەڵمەتە ناڕەوایە بێنە دەنگ بە ئەركی یاسایی خۆیان ھەستن.

لەگەڵ ڕێزدا،
6ی شوباتی 2023
دامەزراوەی میدیایی كۆباس

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP