خۆری ئەستێرەیەكی نوێ لە مەدرید دەركەوت

وەرزش
13:45 - 2023-02-19

خۆری ئەستێرەیەكی نوێ لە مەدرید دەركەوت
ئاكۆ بیبانی

خۆری ئەستێرەیەكی نوێ  لە ڕیاڵ مەدرید هەڵهاتوەو هێرشبەرێكی پڕ لە جوڵەو ووزە بەرێوەیە ،  هێرشبەرێكی لاو و باڵا بەرز و خێراو خاوەن هونەرێكی بەرز لە جوڵەی سەرنج راكێش و ترسناك لە لێدانی سەر ، ئەویش ئەلفارۆ رۆدرێگێزی ئیسپانی و یاریزانی تیپی دووەمی یانەی ڕیاڵ مەدریدە ودەرچووی ئەكادیمیای كاستیایە خوێندكاری رائول گۆنزالێسی ئەفسانەی پێشووی ماتادۆرەكانە ،  شەوی رابردوو خۆی وەك هێرشبەرێكی ناوازە وێناكرد و هەر زوو رۆژنامە و میدیاكان بەجێگرەوەی كەریم بنزیمەی هێرشبەر ناوەزەندیان كرد ، لە یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و ئۆساسۆنا ، ئەلفارۆ رۆدرێگێزی ئۆراگوای لە دەقیقەی 88 هاتە نێو یاریگا و  دوو گۆڵی دروست كرد ، بەڵام گۆلەكەی فیسنیۆس رەتكرایەوە ، ئەمەش هەر زوو فۆكسی میدیاكانی بۆخۆی بردو وەك ئەستێرەیەكی نوێ و درەوشاوە وەسفیانكرد ، ئەلفارۆ رۆدرێگێز خاوەن ڕەگەزنامەی ئیسپانیەو تەمەنی تەنها 18 ساڵەو لەدایك بووی ساڵی 2004 ەو باڵایەكی بەرزی هەیە كە مەترێك و 193 سانتیمە ، رۆدریگێز 8 سم باڵای لە كەریم بنزیمە بەرزترەو بەشێك لە چاودێران پێان وایە ئەو یاریزانە لاوە لەداهاتوودا ژمارە نۆ دەپۆشێت و جێگرەوەیەكی ناوازەی كەریم بنزیمە دەبێت ، رائول گۆنزالێس لە تیپی دووەم و لە كاستیا پشت بەتوانا و لێهاتووییەكانی ئەو لاوە بەهرەمەندە دەبەستێت و رۆلێكی باڵای هەبووە لە بەرەو پێشچوونی تواناكانی .
پێگەی ترانسفێر ماركت  ئەوەی ئاشكراكردوە كە ئەلفارۆ رۆدرێگێز لە ساڵی 2022 چوار یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیای خوار 18 ساڵ ئەنجامداوەو گۆلێكی بۆ ماتادۆرەكان تۆماركردوە ، هاوكات  لەم مانگەدا ئەلفارۆ رۆدرێگێزی یاری بۆ وڵاتەكەی خۆی واتە ئۆراگوای كردوە كاتێك لە پاڵەوانێتی ئەمریكای باشوور و خوار تەمەن 20 ساڵ یاری كردوەو لە كۆی شەش یاری پێنج گۆڵی تۆماركردوە . 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP