محه‌مه‌د شیاع سودانی: گرێبەستی کۆمپانیاکانی نه‌وت لەگەڵ ھەرێم نادادپەروەریی تێدایه‌

عێراق
14:51 - 2023-04-03



محه‌مه‌د شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، لەگەڵ ھەولێر گەیشتوونەتە رێککەوتن و  کۆمپانیاکانی نەوتش ناچاریی ھەرێمی کوردستانیان قۆستەوە بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و گرێبەستی کۆمپانیاکان لەگەڵ ھەرێم نادادپەروەری و دەستبەسەرداگرتنی تێدایە، ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌شده‌كات، لە دۆسێی دزیی سەدەدا کۆمەڵێک ناو و لێپرسراوی زۆر گەورە دادگایی دەکرێن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٤ بەھۆی نەبوونی بودجە ناچاربووە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بکات، ئەو گرێبەستانەش نادادپەروەری و زەوتکردنیان تێدایە، چونکە کۆمپانیاکانی نەوت ناچارییەکەی ھەرێمی کوردستانیان قۆستەوە بەتایبەتی بەھۆی شەڕی داعش و راگرتنی بودجەکەی لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراقەوە.

راشیگەیاند، لەئێستادا لەگەڵ ھەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتن و لە یاسای بودجەشدا جێگیرکراوە، یاسای نەوت و غازیش پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەولێر ڕێکدەخات، یاسای بودجەش کۆی کێشەکان چارەسەر دەکات.

سودانی لەبارەی دۆسێی دزیی سەدەش ئاماژەی بەوەکرد، دۆسێی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکانی عێراق کە بە دزیی سەدە ناسراوە، بابەتێکی ھەستیار و پڕ لە لێکۆڵینەوەیە، چونکە ھەوڵدرابوو دۆسییەکە بە بەرگێکی حکومی دابپۆشرێت، وتیشی، داداگانی عێراق دەڵێن تۆڕێکی ناو و لێپرسراوانی گەورەی حکومەتی پێشوو دەستیان لەو دۆسێیەدا ھەیە و ئاسانکارییان کردووە بۆ ئەو کەسانەی دزییەکەیان ئەنجامداوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا سەرجەمیان دادگایی دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو پارەیەی لە دزیی سەدەدا براوە نەگەڕێنرێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو تۆمەتباران نەکرێت، چیتر قسەکردن لەسەر روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لەعێراق پێکەنیناوییە و تەنھا بۆ چەواشەکردنی ھاوڵاتیانی عێراقە.

لەبارەی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و چەک لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی رێگەیان پێداوە بە دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ھێزە بیانییەکان عێراق بەجێبھێڵن، چونکە ئێستا تەنھا بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی ئەمنی پێویستیان بە ئەمریکا ھەیە نەک بوونی ھێزە شەڕکەرەکانیان، ئەگەر ئەو رێککەوتنەش بکرێت ھیچ بیانوویەک نامێنێتەوە بۆ مانەوەی چەک لەدەستی گروپە چەکدارەکان و دەرەوەی سەدەڵایەتی یاسا.

سودانی لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراقیش لەگەڵ ئێران و سعودیە و تورکیا دەڵێت، ئێران پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ عێراق ھەیە و بەھیچ شێوەیەکیش دەستی لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەداوە، بە پێچەوانەوە پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق کردووە، جەختیشیکردەوە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە جەختیکردوەتەوە ئامادەیە بە بەھای ١٠٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە عێراق بکات، وتیشی، لەداھاتوویەکی نزیکدا جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان لەگەڵ تورکیا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP