محه‌مه‌د شیاع سودانی بڕیاری گەڕانەوەی 500 ئه‌فسه‌رو سه‌رباز لە پاکستانەوە بۆ عێراق ده‌دات

عێراق
11:26 - 2025-05-10


شه‌ڕ‌ی نێوان هیندستان و پاكستان ئاڵۆزتربووه‌و فه‌وجێكی 500 سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری سوپای عیراقیش له‌پاكستانن، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقیش بڕ‌یاریدا به‌ گێڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌وجه‌.

محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، ئه‌مڕ‌ۆ 10/5/2025 بڕ‌یاریدا ئه‌و فه‌وجه‌ی سوپای عیراق كه‌ 500 ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌ له‌ پاكستانه‌وه‌ به‌گه‌ڕ‌ێنه‌وه‌ كه‌ بۆ خولی مه‌شق و راهێنان له‌و وڵاته‌ن.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق لە راگه‌یەندراوێكیدا ته‌ئكیدی له‌ بڕ‌یاره‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند:" ئه‌و فه‌وجه‌ی كه‌ بۆ راهێنان له‌پاكستانن و ژماره‌یان 500 سه‌ربازه‌ و فه‌وجه‌كه‌ش سه‌ر به‌‌لیوای 66ی فیرقه‌ی هێزه‌كانی تایبه‌تن،  پێشتر به‌پێی رێككه‌وتنێك سه‌ربازەکان لەو وڵاتە راهێنانیان دەکرد".

"بڕ‌یاره‌كه‌ی سودانی سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌وجه‌ بۆ دۆخی ئێستای پاكستان ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی گیانی سه‌ربازه‌كان و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراقیش رێكاره‌كانی گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان ده‌گرێته‌به‌ر"، وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو.

رۆژی 6ی5ی 2025، سوپای هندستان هێرشی موشەکی کردە سەر چەند ناوچەیەکی پاکستان، وتەبێژی سەربازی پاکستان-یش رایگەیاند:"وەڵاممان بۆ ئەو هێرشە دەبێت".


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP