په‌رله‌مانتار نه‌رمین مه‌عروف: بودجه‌ دوای جەژنی رەمەزان پەسەند دەکرێت

ئابوری
12:53 - 2023-04-10



د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامەو چاوەڕێش دەکرێت ھەفتەی داھاتوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.

ئاماژەی بۆئەوەشکرد، ھەرچەندە پەرلەمانتاران تێبینییان لەسەر نرخی نەوتی خەمڵێندراوی نەوت و زۆری کورتھێنان لە بودجەدا ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە لە زوترین کاتدا تێپەڕێنرێت، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان و لەمانگی ئایاردا پەسەند دەکرێت.

پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بڕەکەی نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و بە گەورەترین پڕۆژەی بودجە لە مێژوی وڵات دادەنرێت، لەو رێژەیەش نزیکەی ٦٥ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە، ئەوەش پێدەچێت گرفت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە لە پەرلەمان دروست بکات.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگه‌یاندوه‌، زۆرینەی فراکسیۆنەکان جددین لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی بودجە بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، بۆیەش پێشبینیدەکات لەکۆتایی مانگی ئایاردا یاسای بودجە پەسەند بکرێت.

ئەندامانی لیژنەی دارایی له‌و بڕوایه‌دان دانانی نرخی نەوت بە ٧٠ دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخێکی باشەو دەکرێت پشتی پێببەسترێت، لە پڕۆژەی بودجەشدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٦ ترلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوایکردوه‌ کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەزوترین کات راپۆرتی لیژنە لەسەر پڕۆژەی بودجە ئامادە بکرێت.

وتیشی لەماوەی کەمی داھاتوودا پڕۆژەی بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP