به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمپانیای كارو توركیا رێككه‌وتنی هه‌ولێر ـ به‌غدای راگرتووه‌

ئابوری
18:21 - 2023-04-16



حكومه‌تی عیراق رازی نییه‌ وه‌ك پێشوو 56% داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكانی نه‌وت بڕوات، له‌كاتێكدا له‌هه‌رێمی كوردستان كرێی ئه‌و بۆرییه‌ بۆ كۆمپانیای كاره‌ كه‌ سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و له‌ توركیاش بۆ كۆمپانیایه‌كی بیانی كه‌ كرێكه‌ی بۆ زیاد كراوه‌ بۆ 60%، ئه‌مه‌ش رێككه‌وتنی هه‌رێم و عیراقی له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه‌ راگرتووه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كانیش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، كێشه‌ بۆ مووچه‌ی مانگی داهاتووی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت".

حکومەتی عیراق کرێی بۆری نەوتی هەرێم نادات
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "حكومه‌تی عیراق ئاماده‌نییه‌ كرێی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بدات له‌كاتێكدا كرێی بۆرییه‌كه‌ بۆ كۆمپانیای كاره‌ كه‌ سه‌ر به‌حزبه‌و له‌ساڵی 2010 دا گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئیمزا كراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كرێی گواساتنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ زۆره‌و ته‌نها له‌ ساڵی 2018 دا 800 و سی ملیۆن دۆلار دراوه‌ته‌ كۆمپانیای كار بۆ كرێی بۆری نه‌وت، بۆیه‌ عیراق پێیوایه‌ ئه‌و پرسه‌ نیشتمانییه‌و ئه‌و پاره‌یه‌ش بڕ‌ێكی زۆره‌".

"كێشه‌یه‌كی دیكه‌ كۆمپانیاكانی نه‌وتن، چونكه‌ له‌ رابردوودا ٪56ـی داهاتی نه‌وت بۆ كۆمپانیاكانی نه‌وت رۆشتووه‌و عیراقیش ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی ده‌زانێت، چونكه‌ له‌ بودجه‌شدا نزیكه‌ی دوو ترلیۆن بۆ كۆمپانیاكانی نه‌وت دانراوه‌، بۆ بۆری نه‌وتیش نزیكه‌ی ترلیۆنێك و چوار سه‌د ملیار دینار داناوه‌"، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح واده‌ڵێت.

رێگاچارەیەک بۆ هەرێم و عیراق بدۆزرێتەوە
دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لەمکاتەدا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆئەوەی ئەگەر کێشەکەی عیراق و تورکیا چارەسەر نەکرا، ئەوکاتە عیراق بتوانێت نەوتی هەرێم بۆ پاڵاوتن لە ناوخۆدا بەکاربهێنێت.

ده‌شڵێت: "ئه‌م بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ به‌راورد به‌ساڵی  2021 و 2022 كه‌متره‌، كۆمپانیاكانیش داوای شایسته‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش گرفتێكی تره‌ له‌ئایینده‌دا دروست ده‌بێت و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌".

"له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كۆده‌بێته‌وه‌، گرنگه‌ هه‌رێم رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ و به‌دیلێك ئاماده‌ بكات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كێشه‌ی بۆری چاره‌سه‌ر نه‌كرا و كێشه‌ی توركیا و عیراق چاره‌سه‌ر نه‌كرا، ئه‌وا عیراق بتوانێت نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ پاڵاوتن له‌ناوخۆی عیراق به‌كاربهێنێت"، سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

دەستووری عیراق داهاتی نەوت دەخاتە خزمەتی گشتیی
حکومەتی عیراق مەبەستییەتی پرسی نەوت بەگشتی وەک مافی گشتی لێی بڕوانرێت ئەمەش لە دەستووردا جێگیرکراوە، بەڵام لەئێستادا ئەم پرسە بۆتە کێشە لەنێوان بەغدا و هەولێر دا و تاڕادەیەک رێککەوتنی هەرێم و عیراقی راگرتووە.
رێبوار محەمەد ئەمین پسپۆڕ لە بواری گرێبەستە نەوتییەکان بە PUKMEDIA ی راگەیاندوه‌: "بەپێی ماددەی 111 لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا، بەڕێوەبردنی پرۆسەی نەوت و سامانی سرووشتی هەموو گەلانی عیراقە، کەواتە هی دەوڵەتە و هی کەرتی تایبەت نییە".
"حکومەتی عیراق رازی نابێت هیچ بۆرییە نەوتێک قۆرغ بکرێت بۆ کەرتی تایبەت و شەخس و کۆمپانیای حزب، بۆیە حکومەتی عیراق دەیەوێت ئەو پرسە ناوەندی بێت و بۆ هەموو گەلی عیراق بێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە ناکرێت کەرتی تایبەت بەشێک بێت لەو داهاتەی کە هی مافی گشتییە"، رێبوار محەمەد وادەڵێت.
دەشڵێت: "کێشەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مافی گشتییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان پرسی نەوت بۆ خزمەتی گشتی نەبووە و عیراقیش بەو سیستمەی پێشووی نەوتی هەرێمی کوردستانی پێفرۆشراوە رازی نییە و دەیەوێت وەک پرسێکی نیشتمانی لێیبڕوانرێت، لەکاتێکدا دەبووایە ئەم سامانە سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بووایە و ئەوەی عیراق دەیڵێت راستە".

هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی بۆرییه‌كه‌وه‌ كه‌ هی كۆمپانیاو شه‌خس و كه‌سی تایبه‌ت بێت، پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عیراقه‌و حكومه‌تی عیراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ داهاتی نه‌وت به‌گشتی بۆ گشتییه‌و پرسێكی نیشتمانییه‌و نابێت بخرێته‌ ژێر ده‌ستی شه‌خس و كۆمپانیای تایبه‌تی حزبیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدای تاڕاده‌یه‌ك راگرتووه‌، له‌كاتێكدا په‌سه‌ندكرنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2023 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ند كردنه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP