سێ‌ گه‌نج دوای 14 رۆژ رێكردن به‌ پێ له‌ زاخۆوه‌ گه‌یشتنه‌ سه‌ر مه‌زاری مام

کوردستان
17:25 - 2023-05-24


 
بەبۆنەی نزیكبوونه‌وه‌ی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێ گەنجی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دوای 14 رۆژ رێكردن به‌پێ، بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە سەر مەزاری مام و لەلایەن د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و سکرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال و جەزای سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و ژمارەیەک کادری یەکێتییەوە پیشوازییان لێکرا.

یەکێک لەو گەنجانەی کەلە زاخۆوە بەپێ بەڕێ کەوتبوو بۆ سەر مەزاری مام بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "10ی مانگ ئێمە لە زاخۆوە بەڕێ کەوتین بۆسەر مەزاری مام و ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنمان پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین".

دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەی کەلەرێگا زەحمەتی زۆرمان کێشا بەڵام مام جەلال ئەو پیاوە سیاسەتمەدارە بوو کەجێی خۆی لە دڵی هەمومانا کردبوەوەو هەر کارێک لە پێناو مام بێت درێغی لێ ناکەین، هەروەها سوپاسی دامەزراوەی سەرۆک مام و مەڵبەندی سلێمانی و سکرتاریەتی مام دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کردین".

هەر لەو بارەیەوە د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دوای پێشوازی لەو سێ گەنجە رایگەیاند: "ئەوەی ئەم گەنجانە کردویانە دڵسۆزی و وەفایان بۆ سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەردەخات، کە رۆژی 1-6ی ئەمساڵ 47 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یادی دامەزراندنی یەکێتیدا کە مام جەلال رۆڵی گەورەی بینیوە لە دامەزراندنیا".

"ماندووبونی ئەم گەنجانە بەرز دەنرخێنین و جێی رێزن و پێزانینمان هەیە بۆیان، بەو هیوایەین سەرجەم گەنجانی یەکێتی چاویان لێبکەن و تێبکۆشن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان و ئەمان پەیامێک بن بۆ گەنجان"، د. محەمەد سابیر وای وت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP