قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی موسڵ و هەولێر کۆبووەوە

کوردستان
17:46 - 2023-05-25

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی ناوچەکانی موسڵ و هەولێر و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کێشە و گرفتەکانیان نوێنەرایەتی تایبەت بە کاکەییەکان لە سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دابمەزرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 25ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال گوێی گرت لە گرفت و کێشەکانی کاکەییەکان و بەڵێنی پێدان لەمەودوا بۆ ئاگاداربوونی بەردەوام لە حاڵ و گوزەران و کێشەکانیان، نوێنەرایەتی تایبەت بە کاکەییەکان لە سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دابمەزرێت.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا کاکەییەکان لە پێکهاتە گرنگ و رەسەنەکانی کۆمەڵگای کوردستانن و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاراستنی کاکەییەکان و داکۆکیکردن لە مافی سەرجەم کەمایەتییەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەی مەزارەکانی کاکەییەکان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ گرفتەکە بکات و کێشەی مەزارەکان و شوێنە پیرۆزەکانی کاکەییەکان چارەسەر بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP