سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار: پرۆژه‌ی گەشتوکاڵ ده‌توانێت هەنگاوی گەورە بنێت

ئابوری
14:12 - 2023-06-27



بەدەستپێشخەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پرۆژەی گەشتوکاڵ راگەیەنرا، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم_یش دەڵێت:" کوردستان ناوچەیەکی گەشتیاری زۆر گرنگە بەتایبەتی لەبواری گەشتیاری کشتوکاڵیدا دەتوانیَت هەنگاوی گەورە بنێت".

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە سایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIAی راگەیاندوه‌:"کوردستان ناوچەیەکی گەشتیاری زۆر گرنگە بەتایبەتی لەبواری گەشتیاری کشتوکاڵیدا دەتوانێت هەنگاوی گەورە بنێت، هەربۆیە بەدەستپێشخەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم گفتوگۆ لەسەر ئەوەکرا، کە بەڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەهاوکاری رێکخراوێکی ئەڵمانی لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنین".

ئەمەل جەلال وتی:"دوای بەستنی کۆنفرانسێک لەشاری هەڵەبجە هەر بەدەستپێشخەری قوباد تاڵەبانی بڕیاردرا ناوی پرۆژەکە بنێین (گەشتوکاڵ) کە واتای تێکەڵەیەکە لە کشتوکاڵ و گەشتیاری، لەئێستاشدا تیمەکان لەوەزارەتی کشتوکاڵ ئەو ناوچانەیان دەستنیشانکردووە، ئێمەش لەگەڵ تیمی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبونەوەکان و پرۆژەکە دەکەین".

وتیشی:" لەقۆناغی یەکەمدا پێویستە راهێنان بە جوتیارەکان بکرێت و چەند ناوچەیەک وەک ئەزموون دەستنیشان بکرێت کە نزیکن و گەشتیار زووتر رووی تێدەکات و دواتر لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێدەکرێت، پێشبینیدەکەم لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە بەتەواوی پرۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

رۆژی ١٥-٦-٢٠٢٣نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەکاری بۆ راگەیاندن و سەرپێخستنی پرۆژەی گەشتوکاڵ راگەیاند، کە پرۆژەکە په‌ره‌ به‌بواری گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ دەدات و هه‌وڵی ره‌خساندنی هه‌لی كاری زیاتر دەدات".

گه‌شتوكاڵ agro-turism  وشه‌ی لێكدراوی گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP