سه‌رۆك بافڵ جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و سه‌قامگیریی له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌

کوردستان
14:09 - 2023-09-16

هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و سەقامگیری ناوچەکە بەردەوامە و لە سەردانەکەشیدا بۆ تاران و پاشانیش لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمریکا و سوریا و ئێران لە عیراق، تەئکیدی لە هەڵوێستی یەکێتی بۆ سەقامگیری زیاتری ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کردووەتەوە.

پەیوەندیی نێوان یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێکرایەوە
سەرۆکی یەکێتی رۆژی 10-9-2023 گەیشە تاران و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا کە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو، تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێکرایەوە و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی کەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

لە هەمان سەرداندا سەرۆکی یەکێتی لە تاران، رۆژی 11-9-2023، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا و جەخت لە گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی دۆستانە و فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەرێم، عیراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایەوە بەشێوەیەک کە لەخزمەت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بێت.

جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە
لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، سەرۆکی یەکێتی رۆژی 12-9-2023 لە سلێمانی پێشوازی لە محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عیراق کرد و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان.

كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ماڵی مام لە بەغدا رۆژی 13-9-2023، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەتام جەدعان ئەلدندح باڵیۆزی سوریا لە عیراق ئەنجامدا و گەشەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان یەكێتی، هەرێمی كوردستان و سوریا جەختیلێكرایەوە، دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەكە و بەردەوامیی هەوڵەكان بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

لە هەمان رۆژدا سەرۆکی یەکێتی لە ماڵی مام لە بەغدا چاویکەوت بە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كرد و لەدیدارەكەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەكان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی كێشەكان كرایەوە بەشێوەیەك كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت و سەقامگیریی ناوچەكە پارێزراوبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP